ماری کریستین ئۆگلی: دەکرێت ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ببنە ئەندام لە فیدراسیۆنی جیهانیی ژوورە بازرگانییەکان
K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی فەرەنسا رایگەیاند، کۆمپانیا فەرەنسییەکان خواستیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بازرگانی بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆ دەکەن بۆ بە ئەندامبوونی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە فیدراسیۆنی جیهانیی ژوورە بازرگانییەکان.
رۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) ماری کریستین ئۆگلی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی فەرەنسا رایگەیاند، دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی مانگی پێنج لەگەڵ ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەربارەی چوونە نێو فیدراسیۆنی جیهانیی ژوورە بازرگانییەکان بکەن.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی فەرەنسا گوتیشی: "زۆر دڵخۆش بووم بە پێشوازیکردن لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بێگومان کۆمپانیاکانمان خواستی بازرگانیکردنیان لە هەرێم هەیە. بە پەرۆشەوە چاوەڕێین لە مانگی ئایاری داهاتوو، کۆمپانیا فەرەنسییەکان و شاندی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کۆبکەینەوە".
ماری کریستین ئۆگلی رایگەیاند: "ئەگەر نوێنەری ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان لەو سەردانەکەی مانگی پێنجی داهاتوو بەشداربێت، دەتوانین گفتوگۆ بکەین سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانن ببنە بەشێک لە فیدراسیۆنی جیهانیی ژوورە بازرگانییەکان. ئەمە سوودێکی زۆری دەبێت و دەتوانن ئەم پلاتفۆڕمە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی دیکە لە جیهان دروست بکەن".
ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتوون لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و محه‌ممه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە پاریسن و بڕیارە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسی و بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن.
له‌مباره‌یه‌وه محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئامانج له‌و سه‌ردانه دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كییه، یه‌كه‌میان ته‌وه‌ره سیاسییه‌كه‌یه، كه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا، دووه‌میش تاوتوێكردنی پرسه‌كانی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنان و بازرگانی.