ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 26ـی ئاداری 2024 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌:  "مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیریی دارایی پێشکەوتووە".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ماوەیەکە هەندێک زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرە و لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەند زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پرۆژەکەو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەئاگاداریی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەزامەندیی بانکی ناوەندی عێراق  لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابین کردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەستڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانکیی سەردەم و دابینکردنی مووچەو پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگریی لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتایهێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و ڕوون لە سەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەشکردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. 

بانکە بەشداربووەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

● BBAC Bank

● RT Bank

● NBI

● Cihan Bank

● IIB

کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەڕپێکراون.

هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە متمانەدارن و هیچ سزایەکیان لەسەر نییە، لە پەیوەندییەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

لە ئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من ڕەتکراوەتەوە بە هۆی ئەوەی ئەو بانکانە شکستیان هێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دواین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من، زیاد بکرێت لە (250) بۆ (400) ملیار دیناری عێراقی تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئەم بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندیی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیای دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.

بەرهەم و خزمەتگوزاریە بانکیەکان:   

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە 19 خزمەتگوزاریی بانکیی پێشکەش مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان تەنها بڕی (2500) دیناری عێراقییە کە بە بەراورد بە پرۆژەی "تەوتین" لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا کە مووچەخۆران لە پرۆژەی "تەوتین" لە عێراق مانگانە بڕی 6 لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەش کردنی مووچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی 6000 دیناری عێراقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.                               

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانەوە بە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و ڕوون؛ بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (1000) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابنرێت و ئێستە نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە  شاری هەولێر دانراون و 24 کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژیی بانکی ناوەندیی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:

ئێستە پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی 40 هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردووە لە هەردوو پارێزگاکە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندیی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت و مووچەکانیان لەڕێگای هەژماری بانکی وەربگرن.    

1- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.     

2- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.                                                         

3- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاریی حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.   

4-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سودمەند دەبێت لەقەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلیەکانەوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوریی.           

26/3/2024