سەروەر هاواری: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جووڵەی خستووەتەوە بازاڕ
K24 – هەولێر:
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، رایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، هاوکات دەڵێت: ئەم بڕیاری داشکاندننانە لەڕووی ئابوورییەوە جۆرێک لە ئارامی بۆ دەروونی هاووڵاتییان دروست دەکات.
سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتێکی گونجا وبووە، بەرژەوەنەی زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەبەرچاو گیراوە، هەر چەندە ئەم بڕیارانە دەرهاوێشتەی ئەم قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و عێراق بۆی دروستکردووە.
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، راشیگەیاند، سەرەڕای هەبوونی قەیرانەکان، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان خەرج کراوە، هەروەها لەم کابینەیەدا سێ سایلۆ دروستکراوە؛ سایلۆی کەلار، قوشتەپە و روڤیا، لە ئێستادا سایلۆی هەڵەبجە بەردی بناغەی دانراوە و سایلۆی زاخۆش ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
سەروەر هاواری، دەڵێت: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، لەڕووی ئابوورییەوە جۆرێک لە ئارامی بۆ دەروونی هاووڵاتییان دروست دەکات کە حکومەت لە قۆناغی قەیرانەکاندا بە هانایانەوە دێت.
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی خستووەتەوە بازاڕ و خۆشگوزەرانی دروستکردووەتەوە، واشدەکات جووڵەی بازرگانی نوێ دروستبێت.
سەروەر هاواری، لەبارەی نرخی گۆشتی سوور گوتی: لە سەروبەندی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا هاووڵاتییانمان گۆشت زۆر دەکڕن و نرخەکەشی بەهۆی ئەو باجانەی کە لە وڵاتان خرابووە سەر هاوردەکردنی، بەرزببووەوە، بۆیە داشکاندنی 50% لە رسووماتی هاوردەی گۆشت، نرخەکەی لە بازاڕەکاندا کەمدەکاتەوە
ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان بریتی بوو لە داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت.