بەختیار محەممەد: بڕیاری لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران جووڵە دەخاتە بازاڕ
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری باجی دەرامەتەکانی کۆمپانیاکانی هەولێر رایگەیاند، بڕیاری حکومەت بۆ لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران زۆر باش بوو و جووڵەیەکی زۆر دەخاتە نێو بازاڕ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-03-2024، بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری باجی دەرامەتەکانی کۆمپانیاکانی هەولێر، لەبارەی بڕیاری حکومەت بۆ لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بڕیارەکە لە جێگەی خۆی و لە کاتی خۆیدا بوو، لەبەر ئەوەی جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمجارە زۆرینەی کۆمپانیاکان لێی سوودمەند دەبن".
هەر لەبارەی گرنگیی بڕیارەکە، بەختیار محەممەد گوتی، "لەلایەک باجدەر کە کۆمپانیاکان، کاسبکاران و پیشەوەران دەگرێتەوە، دەتوانن هەژماری باجەکەی بدات بەبێ سزا و سوو؛ لەلایەکی دیکەش ئەو بڕە باجەی دانراوە دێتە نێو خەزێنەی دەوڵەت و جووڵەیەکی زۆر دەخاتە نێو بازاڕ".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر هۆکار هەن وا لە کۆمپانیاکان دەکەن نەتوانن باجی لەسەر شانیان لە کاتی خۆیاندا بدەن، لەوانەش کێشەی تەکنیکی و سەرقاڵی رێکخەرانی بودجەی کۆمپانیاکان، ئەمەش لە ئەنجامدا وای لێ دێت کە دواتر رێکاری یاساییان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری باجی دەرامەتەکانی کۆمپانیاکانی هەولێر باسی کرد، "نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیامان رەوانەی دادگا کردووە، لەبەر ئەوەی لە کاتی شایستەی خۆیدا باجیان نەداوە".
ڕۆژی چوارشەممە، 27ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا، 9 بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندیی دۆخی ئابووریی خەڵک و کاسبکاران دا، کە بریتی بوون لە:
1- دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو
2- ئامادەكاریی مووچە بۆ مانگی سێ
3- تەرخانكردنی زەوی و بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو
4- داشكاندنی سەدا 20ـی پارەی كارەبا و ئاو و هاتوچۆ
5- داشکاندنی سەدا 50ـی ڕسوماتی هێنانی گۆشت
6- داشکاندنی سەدا 20ـی لە كرێی خوێندنی پارالێل
7- داشكاندنی سەدا 20ـی ڕسووماتی كرێی شارەوانیی كرێچییان
8- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران
9- لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی