به‌رنامه‌ی "بۆ هه‌مووان" تاوتوێی گرنگی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من ده‌كات

بەرنامەی بۆ هەمووان لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من"
بەرنامەی بۆ هەمووان لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من"

K24 – هه‌ولێر:

پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژی و پێشكه‌وتووه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆیه‌م، هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ به‌دجیتاڵكردنی سیسته‌می دارایی و ژمێریاری هه‌رێمی كوردستان و هاوچه‌رخبوونی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.

به‌رنامه‌ی "بۆ هه‌مووان" كه‌ له‌لایه‌ن سه‌هێن موفتی له‌ كوردستان24ـوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ تاوتوێكردنی ڕه‌هه‌نده‌ به‌رفراوانه‌كانی هه‌ژماری من، میوانداری هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌ولوود سابیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رشه‌د سدیق، مامۆستای زانكۆ و شاره‌زا له‌ بواری، كارگێڕی، ژمێریاری و دارایی كردووه‌، كه‌ هه‌ردوولا داكۆكی له‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن و هاوڕان كه‌ ده‌بێته‌ هۆی بونیاتنانی ژێرخانی ژمێریاری، دارایی و بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ سیسته‌می بانكیی جیهانی.

مه‌ولوود سابیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌دا سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" و جه‌ختی كرده‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی به‌رفراوان و سه‌ركه‌وتوو و پێشكه‌وتووه‌ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران به‌تایبه‌تی.

مه‌ولوود سابیر تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژماری من، وه‌ك سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی، نموونه‌یه‌ی پێشكه‌وتوو و مامه‌ڵه‌ دارایی و بانكییه‌كانه‌ و هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌خرێته‌ خزمه‌تی فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتییان. ڕوونتری كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌نگاوێكی ستراتیژیی و پێشكه‌وتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیا و سوودوه‌رگرتن له‌ پێشكه‌وتنه‌كان و به‌رجه‌سته‌كردنیان له‌ واقیعی دارایی و ژمێریاری له‌ هه‌رێمی كوردستان و گواستنه‌وه‌ی قۆناغی كلاسیكی ژمێریاری بۆ قۆناغی هه‌ره‌ پێشكه‌وتووی ته‌كنه‌لۆژیا و به‌دجیتاڵكردنی چالاكییه‌ دارایی و بانكییه‌كان. هه‌روه‌ها پاته‌ی كرده‌وه‌، هه‌ژماری من به‌راورد به‌ (توطين) پێشكه‌وتووترین سیسته‌می بانكییه‌، به‌ڵام به‌غدا ده‌یه‌وێت ئه‌م مافه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بسێنێته‌وه‌ و ناوه‌ندیه‌تی خۆی به‌سه‌ر سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت.

مه‌ولوود سابیر پێی وایه‌ دۆخی ئابووری هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ سیسته‌مێكی ستراتیژی و دجیتاڵی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌ پێشكه‌وتووه‌كان خۆی بگونجێت و بووژانه‌وه‌ له‌ ئابوورییه‌كه‌یدا بكات، نه‌خاسمه‌ بانكه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ده‌توانن له‌ناو پڕژه‌كه‌دا بن و چالاكییه‌ ئابووری و دارایی و بانكییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن.

لای خۆیەوە ئه‌رشه‌د سدیق، مامۆستای زانكۆ و وه‌ك پسپۆڕێكی كارگێڕی، ژمێریاری و دارایی به‌شداری به‌رنامه‌كه‌ی كرد و دیدگه‌ی خۆی له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من خسته‌ ڕوو و بۆچوونی وابوو؛ به‌دیجتاڵكردنی سیسته‌می بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ چالاكییه‌كانی سیسته‌می بانكیی نێوده‌وڵه‌تی. ڕوونیشی كرده‌وه‌، سیسته‌می دجیتاڵی بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ سیسته‌مه‌ كۆنه‌كه‌، بابه‌تێكی نوێیه‌، بۆیه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ناتێگه‌یشتن له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری منه‌وه‌ دروست بووه‌.

ئه‌رشه‌د سدیق له‌ سنۆگه‌ی پسپۆڕییه‌ زانستییه‌كه‌ی و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، تێبینی ئه‌وه‌ی كرد و ڕای خۆی له‌ باره‌ی فشاره‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌ سیاسی، ئابووری و داراییه‌كان و جێپێله‌قكردنی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من و دانانی (توطین) وه‌ك ئاڵته‌رناتیڤ بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ خۆماڵییه‌، ده‌ربڕی و جه‌ختی كرده‌وه‌، كورد و خه‌ڵكی كوردستان خه‌باتی كرد و قوربانییه‌كی زۆری دا بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ نه‌چێته‌وه‌ ژێر ڕكێفی (توطین) و هاوشێوه‌كانی دیكه‌ له‌و فشارانه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یسه‌پێنن و سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌ عێراق و له‌ ده‌ره‌وه‌ و هاوئاوازه‌كانیان له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، مه‌به‌ستیانه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان برسی بكه‌ن و له‌ هه‌موو سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووی ژیانی گشتی به‌دووریان بخه‌نه‌وه‌ و قوربانییه‌كانی بۆ ئازادی و دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ها بكه‌ن.

رۆژی سێشه‌ممه‌ (28ـی شوباتی 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی هەژماری من راگه‌یاند کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رێكه‌وتی 5ـی ئاداری 2023، رایگه‌یاند، دەستپێشخەری هەژماری من، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاندرا، کۆمەڵێک سوودی بۆ هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، له‌ سوودەکانی بۆ هاووڵاتییان، ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان، پێدانی مووچە بەشێوەیەکی رێکوپێک و لەکاتی خۆیدا بەبێ نۆرەگرتن، کەمکردنەوەی مەترسیی دزینی مووچە و پاشەکەوت.

هه‌روه‌ها سوودی پرۆژه‌ی هه‌ژماری من بۆ بەرهەمە داراییەکان، دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا، کڕینی کاڵا یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزی ئاسانەوە، باشتربوونی رۆشنبیری دارایی.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری سووده‌كانی پرۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌ بواری پارەدانی دیجیتاڵی روونكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌، پارەدان بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلایینەکان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی، توانای حەواڵە لەنێوان هەژمارە جیاوازەکان لە رێی کارتی مۆبایل/ ئینتەرنێت، وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکەیت.

سه‌باره‌ت ئابووریی هەرێمی کوردستانیشه‌وه‌، پرۆژه‌ی هه‌ژماری من ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکییدا، زیادبوونی خەرجیی بەکاربەران بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی، رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی بانکی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش، زیادکردنی کارایی حکومەت و شەفافییەت، سەرهەڵدانی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان.