کشتوکاڵی هەولێر: بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست کرد

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ نرخی مریشک دابەزی و بەم نزیکانە بڕیارەکە کاریگەری لەسەر گۆشتی سووریش دەردەکەوێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەدوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 27ـی ئادار چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی بارگرانی سەرهاووڵاتیان.

بەگوتەی ئەو، "یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی باجی گومرگە لەسەر گۆشتی هاوردە بە ڕێژەی 50% ئەمەش ڕاستەوخۆ لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو کاریگەریەکانی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی هەرزانیی گۆشتی سوور، کە لەماوەکانی ڕابردوودا گران بوو لەبەر چەند هۆیەک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو .

هێمن سەید موراد گوتیشی: "لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی مریشک بەرز ببوەوە کە هەر کیلۆیەک بە چوار هەزار و 250 دینار لە بازاڕی شاری هەولێر دەفرۆشرا، بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوەیەک لەلایەن پارێزگای هەولێرە و کرا و چەند ڕێکارێک گیرایە بەر بۆ کەمکردنەوەی نرخی مریشک کە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردە سەر کەمکردنەوەی نرخی مریشک کیلۆی بوو بە سێ هەزار دینار."