نەهرۆ ڕواندزی: شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندێکی هونەری و یاسایی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، "پلان هەیە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، نەهرۆ ڕواندزیی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ شاندێکی هونەری و یاسایی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
شاندەکە، وەکو ئەوەی ڕواندزیی باسی کرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆدەبێتەوە. لەبارەی ئامانجی سەردانەکەش، گوتی، "مەبەست لە سەردانەکە چارەکردنی کێشەی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە. هەروەها گفتوگۆکرد لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
لەبارەی کاتی سەردانەکەش، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، پێویستە شاندەکە پێش سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، بێتە هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز، "بەشێک لە بەرپرسانی نێو کابینەی محەممەد شییاع سوودانی و وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵ دەدەن نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێتەوە و پلانیان هەیە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەش کرد، "پرسی هەناردەکردنەوی نەوتی کوردستان ئێستا زیاتر سیاسییە لەوەی ئابووریی بێت. حکوومەتی عێراق پرسەکە وەکو فشارێک بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە حکوومەتی فیدراڵی بکرێت ئەم کێشەیە چارە بکات".
ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێکكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەکردنی کێشەکان؛ بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خرستەڕوو، "بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەست پێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".