مووچه‌خۆرێك: "هه‌ژماری من" ئاسانكاریی بۆ كردووین

پرۆژەی هەژماری من
پرۆژەی هەژماری من

K24 – هەولێر:

زیاتر لە 3000  ھەزار فەرمانبەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی ھەژماری منەوە مانگانە مووچەكانیان وەردەگرن، ئەو فەرمانبەرانەی لە رێگەی ئەی تی ئێمەكانی ھەژماری منەوە مووچە وەردەگرن دەڵێن: "ھەركاتێك موچە خرایە سەر ھەژمارەكەمان بە ویستی خۆمان كەی بمانەوێ دەتوانین موچەكەمان وەربگرین بێ ئەوەی نۆرە بگرین، چونكە بە شێوەی 24 كاتژمێری سیستەمەكە كراوەیە".

کافیە حەمەد، کارمەندی تەندروستی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، شانازی دەکات کە لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرێت، هەر کاتێک بیەوێت دێت و پارەکەی خۆی وەردەگرێت بەبێ ئەوەی نۆرە بگرێت، هەروەها دەشڵێت: هەژماری من ئاسانکاری بۆ کردووین.

ئەم فەرمانبەرانە لەپێش ئەوەی لەرێگەی هەژماری بانکییەوە موچەکانیان وەربگرن، مانگانە دەبوو دووچاری جەنجاڵی نۆرەکانی وەرگرتنی مووچە ببن هەم لە فەرمانگەکانیان و هەمیش ئەوانەی لەرێگەی بانکە حکومییەکانەوە مووچەکانیان بەشێوەی چەکی بانکی وەردەگرت، ئێستا بە ئومێدەوە دەڕواننە پرۆژەی هەژماری منی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتیی مامەڵەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ کراوە و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.

بەشێک لە فەرمانبەران دەڵێت: "ھەركاتێك موچە خرایە سەر ھەژمارەكەمان بە ویستی خۆمان كەی بمانەوێ دەتوانین موچەكەمان وەربگرین بێ ئەوەی نۆرە بگرین، چونكە بە شێوەی 24 كاتژمێری سیستەمەكە كراوەیە".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە کراوە. ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.