روونکردنەوە لەبارەی گرانکردنی نرخی بەنزین دەدرێت

یەکێک لە بەنزینخانەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف
یەکێک لە بەنزینخانەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، بەکارهێنانی بەنزین لە هەردوو جۆری موحەسەن و سوپەر، رێژەی 18%ـی کۆی گشتی بەرهەمی بەکارهاتوو پێکدەهێنن لە کۆی 32 ملیۆن لیتری بەنزین کە رۆژانە بەکاردەهێندرێت.

رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان بریتییە لە دابینکردنی بەنزینی نۆڕماڵ بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێت، کە ئەو جۆرە بەنزینە زۆرترین خواستی لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەشێوەیەک 82%ـی کۆی گشتیی بەنزینی بەرکارهاتوو لە لە رۆژێکدا بریتییە لەو جۆرە بەنزینە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ئاشکراشیکرد، کە بەنزینی نۆڕماڵ لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەرهەمدەهێندرێت و لەگەڵ برێک لە بەنزینی هاوردەکراوە تێکەڵاو دەکرێت.

لەبارەی رێژەی هاوردەکراوی بەنزین لە دەرەوەی وڵات، حوسێن تاڵب ئاماژەی بەوەکردوووە، ساڵی رابردوو بڕی 14 بۆ 15 ملیۆن لیتر بەنزینیان لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرد کە تێچووی لیترێک بەنزین دەگەیشتە هەزار دینار، بەڵام ئێستا ئەو برە بۆ 800-850 دینار کەمبووەتەوە و بە دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی کەربەلا، رێژەی هاوردەکردنی بەنزین بۆ 7.5 بۆ 8 ملیۆن لیتر بەنزین دابەزیوە و بە تەواوبوونی پاڵاوگەکانی باکووریش ئەو رێژەیە بۆ چوار ملیۆن لیتری رۆژانە کەم دەبێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق هۆکاری گرانکردنی نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەنیشی روونکردەوە و رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی خۆی کە بۆ هەر لیترێک 450 دینارە، کە ئەم جۆرە بەنزینەش شۆفێرانی تەکسی و هاووڵاتییانی کەمدەرامەت سوودی لێوەردەگرن، بەڵام گرانکردنی نرخی بەنزین لە جۆرەکانی سوپەر و موحەسەن، کەمتر کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە بەنزینە زیاتر لەلایەن ئۆتۆمبێلە گەورە و گرانبەهاکانەوە بەکاردەهێندرێت.

رۆژی (26ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی بەنزین بە ڕێژەی نزیکەی 30% بەرزبکاتەوە و بەم بڕیارەش لیتری بەنزینی موحەسەن لە 650 دینارەوە بۆ 850 دینار و جۆری سوپەریش لە هەزار دینارەوە بۆ 1250 دینار زیاد دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتووەوە.

دوای ئەو بڕیارەش، ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق داوای میواندارییکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لە هۆیەکانی بەرزکردنەوەی نرخی هەردوو جۆری بەنزینی سوپەر و موحەسەن بدەن.