هۆگر عەلی: بەمەبەستی دەستی کاری ناوخۆ، ڕێگری لە هاتنی کرێکارانی سووری کراوە
K24 - هەولێر
ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی کاروکارباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، بڕیاری ڕێگریی لە هاتنی کرێکارانی سووری، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرکراوە.
هۆگر عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کاروکارباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری ڕێگریی لە هاتنی کرێکارانی سووری لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە باس لە دیاریکردنی کرێکاری بیانی دەکات لە پڕۆژە تایبەتەکان و پڕۆژە هاوبەشەکان.
گوتیشی: دوای دەرکردنی بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە، پێویستە ئێمە وەکو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕێنماییەک دەرکەین بەمەبەستی ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بۆیە لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە بەمەبەستی سەردانی پڕۆژەکان و پشکنین، دواتریش ڕاپۆرت بەرز دەکەنەوە بۆ لای ئێمە، هەرکەس پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کارەکانی بەردەوامە لە چاودێریی و وەرگرتنی ڕاپۆرت بەشێوەیەکی خولی و دواجار بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم دامەزراوەکانیش پێیەوە پابەندن، تەنها هەندێک کارمەند لە ڕێنماییەکان بەدەرکراون، ئەویش ئەو کارمەندانەن کە لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان کاردەکەن. یان ئەو کارمەندانەی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یان ئەوانەی گرێبەستییان لەگەڵ حکوومەت هەیە.
هۆگر باسی لەوەش کرد، بەڵام ئێمە ڕەچاوی ئەوەمان کردووە، ئەگەر کۆمپانیایەک یان کارگەیەک کاریگەری ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، بواری پێدەدەین نامانەوێت بڕیارەکەی بەتەواوی لەسەر جێبەجێ بکەین، نەوەک کوردستان بەجێ بهێڵێت و نەتوانێت کاربکات.