بایرن بە هۆكارێكی سەیر زیدانی ناوێت و پەشیمانە لە دەركردنی ناگلیسمان

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئەڵمانیا یانەی بایرن میونشن پەشیمانە لە دوورخستنەوەی جۆلیان نایگلسمان لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە، هەروەها بە هۆكارێكی سەیریش ئامادە نییە زەینەدین زیدان وەكو راهێنەری یانەكە قبوڵ بكات.
جۆلیان نایگلسمانی تەمەن 36 ساڵ، بۆ ماوەی دوو وەرز لە نێوان 2021 ـ 2023 راهێنەری بایرن میونشن بوو، لە كۆی 84 یاری، 60 بردنەوە، 14 یەكسان و 10 دۆڕانی هەبوو، نازناوێكی بۆندزلیگا و 2 نازناوی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵ بایرن میونشن بردەوە، دواتر لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
لە كۆتاییەكانی 2023 تۆماس توخێل لە شوێنی نایگلسمان ئەركی راهێنەرایەتی بایرن میونشنی وەرگرت، گرێبەستەكەی بۆ دوو وەرز واژۆ كرد، بەڵام تەنیا بۆ یەك وەرز لە بایرن دەمێنێتەوە و لە كۆتایی ئەم وەرزە لە یانەكە دەڕوات.
گۆڤاری كیكەری ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بایرن میونشن هێشتا چاوی لە گەڕانەوەی نایگلسمانە و پەشیمانە لە دوورخستنەوەی.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: گرێبەستەكەی نایگلسمان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تا دوای یۆرۆی 2024ـە، بەمەش بایرن دەرفەتی گەڕانەوەی ئەو راهێنەرەی هەیە و دوور نییە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بایرن و ببێتە جێنشینی تۆماس توخێل.
لە ماوەكانی رابردوو دەنگۆیەكی بەهێز هەبوو كە چابی ئالۆنسۆی ئیسپانیا ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن وەردەگرێت، بەڵام ئەو راهێنەرە لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند بۆ وەرزی داهاتووش لە یانەی لیڤەركوزن دەمێنێتەوە.
ماكس ئیبرل ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی بایرن میونشن لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری كیكەر رایگەیاند هیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ نەكردووە، بایرن بە ئاراستەیەكی جیاواز كار دەكات.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی نایگلسمان، ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێری بایرن گوتی: "دەزانم هەودارێكی زۆری بایرن حەز بە گەڕانەوەی نایگلسمان دەكەن و دەیانەوێت لەبارەی راهێنەری داهاتووی بایرن قسەیان هەبێت، بەڵام ئەو بابەتە هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە".
بە گوێرەی گۆڤاری كیكەر، ڕالف ڕانگنیکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا کە پێشتر سەرکردایەتی یانەکانی شاڵکە و لایپزیگی ئەڵمانی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی کردووە لە نێو بەربژێرانی راهێنەری بایرن میونشن دایە، هەروەها ڕۆبێرتۆ دی زێربی ڕاهێنەری ئێستای یانەی برایتنی ئینگلیزیش یەكێكی دیكەیە لە بەربژێرەكان بۆ شوێنگرەوەی تۆماس توخێل.
لە لایەكی دیكەیشەوە سەرچاوەكە لەبارەی زەینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی نووسیویەتی: بەهۆی ئەوەی زیدان زمانی ئەڵمانی نازانێت، بایرن بیرۆكەی كاركردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە ڕەتكردووەتەوە و لە پلانەكانی دووریخستووەتەوە.
