کەرتی پەروەردەی عێراق لە خراپترینەکانی جیهانە

K24 - هەولێر
وێرای تەرخانکردنی زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار لە ساڵێکدا، کەچی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق یەکێکە لە خراپترینەکانی جیهان، بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە لە عێراق لە قوڕ درووستکراون و سەدا 50ی قوتابخانەکانیش پێویستان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
نیوە قوتابخانەکانی عێراق پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتەکە خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوت و پێنجەم بەرمهێنەری جیهانە، وڵاتێکە خاوەن دەیان و سەدان سامانی هاوشێوەیە.
دوای زیاتر لە 103 ساڵ لە دامەزراندنی کەرتی پەروەردە ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە لە عێراق لە قوڕ، چادر و داری قامیش بنیادنراون.
بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە سەدا 50ـی قوتابخانەکانی عێراق پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە و کەڵکی خوێندنیان نەماوە. بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی ناوەڕاستی عێراقیش دەڵێت، "ئەگەر باران ببارێت دەواممان نییە، چونکە سەرباری قوڕ و لیتە مەترسی دارووخانی بنمیچشمان لەسەرە".
عودەی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی عێراقە و دەڵێت، "لە کاتی بارانبارین، بەهۆی قوڕ و لیتە دەواممان نییە. بنمیچی ژوورەکانمان لە دارخورما و ئاسن و نایلۆن درووستکراون. دەترسین رۆژێک بەسەر قوتابییاندا بکەوێت. گوندەکەمان حەوت ژووری خوێندنی لێیە، کارگێڕیەکەش خۆمان درووستمانکرد، لە گیرفانی خۆمان نزیکەی سێ بۆ چوار ملیۆنمان داوە، خانەوادەی قوتابیانیش لە خەمخۆری خۆیان شتێکی کەمیان داوە. لە لایەکی دیکە زیاتر لە 200 قوتابیمان هەیە و کەچی تەنیا یەک دەستشۆرمان هەیە."
ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراقدا نزیکەی 12 تریلیۆن دینار بۆ کەرتی پەروەردە تەرخانکراوە. کەچی مامۆستایەکی ئەم قوتابخانەیە دەڵێت، "بەهۆی زۆری مار و دووپش نەک هەر قوتابی بەڵکوو قوتابخانەکامان کەڵکی راگرتنی مریشکێکیشی نییە."
ئەحمەد لەتیف، مامۆستایە و ئاماژە بەوە دەدات، "باران ببارێت نوقمی قوڕ دەبین. دیوارەکان خەریکە دادەڕمێن، دووپشک و مار، ئەمە هەم قوتابخانەیە هەمیش کێڵگە، بەڵام گێڵگەیەکە تەنانەت کەڵکی ئەوەی نییە مریشکێکی تێدا رابگریت. قوتابیانی ئێرەش عێراقین، ئەوەی بەغدا پشکی لە نەوت هەیە بەهەمان شێوەش ئەوەی ئێرە. ئەو بەشێک لە مافەکانی خۆی وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەی ئێرە نەک خۆیان دایک و باوکیشیان هیچیان دەستنەکەوتووە".
شارەزایانی بواری پەروەردە و فێرکردن جەخت لەوە دەکەنەوە، حکوومەتە یەک بەدوا یەکەکانی عێراق شکستیان هێناوە و لە بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە و دۆخی پەروەردە لە عێراق رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت.