ئۆپێک پڵەس: تا حوزەیرانی داهاتوو گۆڕان لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ناکرێت
K24 – هەولێر:
لە کۆبوونەوەی وەزاریی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس، بڕیاردرا تاوەکو حوزەیرانی داهاتوو پارێزگاری لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت بکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی خولی 53ـەمینی ئۆپێک پڵەسدا، بڕیار درا گۆڕان لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت نەکرێت تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتوو، کە وابڕیارە لە (1ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوە بچێت.
لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، ئۆپێک پڵەس جەختیکردووەتەوە، لەپێناو زیاتر بەدیهێنانی سەقامگیری و هاوسەنگیی لە بازاڕەکانی جیهاندا، پابەند دەبن بە بڕیاری پێشوویان بۆ سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئۆپێک پڵەس، بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفراس کرا و هەریەکە لە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و عەممار عەنبەکی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تێیدا بەشدارییان کرد.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2023، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس خۆبەخشانە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان دا، بەشێوەیەک؛ سعوودیە بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ڕووسیا بە 500 هەزار بەرمیل، عێراق بە بڕی 223 هەزار بەرمیل، ئیمارات بە 163 هەزار بەرمیل، کوێت بە 135 هەزار بەرمیل، کازاخستان بە 82 هەزار بەرمیل، جەزائیر بە 51 هەزار بەرمیل و عومان بە 42 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەشدارییان لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کرد.
سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاری دا ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاری دا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەم بکرێتەوە.
پێشتریش ڕێکخراوی ئۆپێک پێشبینی کردبوو تا ساڵی 2045 خواستی جیهانی لەسەر نەوت بگاتە 116 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاترە لە پێشبینی ساڵی پێشوو، ئەو بەرزبوونەوەیەش لەسەر داخوازی بازاڕ دێت بەتایبەتی لەلایەن چین، هندستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.