زەکەریا موحسین: ئەو نەتەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، سوودی زۆریان لە میوزیک و ئاوازی کوردی وەرگرتووە

K24 - هەولێر:

گۆرانیبێژ زەکەریا موحسین ڕایگەیاند، خەریکی کارێکی هونەری هەولێرییانەم، هیوادارم بە زووی و بە ڕێک و پێکی تەواوی بکەم و پێشکەشی گوێگرەکانمی بکەم.

باسێکی بەرهەمە هونەرییەکانت بکە؟

وەک هەموو ئەوانەی کە لە ناو هونەرن و هونەرکارن، ئەگەر ئەو پرسیارە وەڵام بدەنەوە دەڵێن هەر لە منداڵیەوە خولیاو ئارەزووم هونەر بووە، بەڵام ئەوەی من بە ڕاستی وا بووە، حەزی من هونەر بووە و بەشێکی دانەبڕاوی هەست و بیرم بووە، لە زووەوە هەستم بەوە کردووە دەتوانم لەو گۆڕەپانەدا کار بکەم، بۆیە لەساڵی 2009 بڕیارم دا بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و لەوێ گرنگی بە بەهرە و تواناکانم بدەم و لە پەیمانگاوە دەستم پێ کرد و تا ئێستاش بەردەوامم. 12 ساڵ خەریکی موزیک ژەنین بووم لە ساڵی 2021 یەکەمین بەرهەمی گۆرانیم بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاو کردەوە.

میوزیکی کوردی هەژارە یان دەوڵەمەند؟

میوزیک و گۆرانی کوردی نەک هەر هەژار نییە بگرە لە زۆربەی نەتەوەکانی تر دەوڵەمەندترە، هەر شارێک و ناوچەیەکی کوردستانی گەورە لە بواری میوزیک و گۆرانی خاوەنی فۆرم و شێوەزار و چەندین ستایلی جیای تایبەت بە خۆیەتی، ئەگەر بەس کوردستانی باشوور بە نموونە وەرگرین ئەو ڕاستیەمان بۆ دەر دەکەوێت، لە حەیران و لاوکەوە بگرە تا دەگاتە قەتار و هۆرەو سیاچەمانە و هی تر، چەندین میلۆدی جوان و ناوازەش.  بەبڕوای من، ئەو نەتەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین سوودی زۆریان لە میوزیک و ئاوازی کوردی وەرگرتووە. ئەمەش دەوڵەمەندی میوزیک و گۆرانی کوردی دەسەلمێنێت.

میوزیکی کوردی پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟

بە دیوە گشتیەکە لە ئێستادا میوزیک و گۆرانی کوردی لە ڕووی تەکنیکەوە پێشکەوتنی بەرچاوی کردووە، بەڵام وەک ناوەڕۆک و گەیاندنی دەنگ و پەیامێکی کوردانە بەرەو دواوە ڕۆشتووین. لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندی زۆر باشمان هەیە کە بەردەوامن لە گەیاندنی هونەرە کوردییە جوانەکە.

توانراوە وەکو وڵاتانی دونیا نوێخوازی لە میوزیک و گۆرانی کوردیدا بکرێ؟

بەڵێ توانراوە لە ڕووی تەکنیک و ستۆدیۆ و میوزیکژەنی باشەوە ئەو ئامانجە بپێکین و نوێخوازیەک بێنینە کایەوە،  بەڵام هێشتا ئەوە بەس نییە، هەوڵدان و برەوی زیاترمان پێویستە تا بتوانین بەردەوام بین لە نوێخوازی.

بەبڕوای تۆ بۆچی زۆربەی گۆرانیبێژەکان ئاواز و میوزیکی وڵاتانی تر بەکاردێنن؟

من پێم وایە ئاساییە ئەگەر سوود لە میوزیک یان ئاوازێک وەربگیرێت کە لە نەتەوەی خۆت نەبێت، بەڵام دەبێت بە سکێجێکی کوردانە و خامەیەکی هونەریانە بێت. لەگەڵ ئەوەی ئاساییە، بەڵام کاتێک میوزیکی کوردی ئەوەندە دەوڵەمەندە، شتێکی باش ناکەین گەر میلۆدی نەتەوەی دیکە بەکار بێنین.

لە کارە هونەرییەکانتان چەند گرینگیتان بە ڕەسەنایەتی کوردی داوە؟

ڕەسەنایەتی و فۆلکلۆر و فەرهەنگ و کەلەپوور، ئەوانەی کە ناویان لەگەڵ یەک دێت شتی جیاوازن، دەشێ لەئێستادا دەنگی نوێ هەبێت و ڕەسەنیش بێت، وە لە کۆنیشدا دەنگ هەبووە ڕەسەن نەبووە. کەمبوونەوەی هەست و ئەدای کوردانە ڕەنگدانەوەی دروستبوونی جیلێکی نوێیە کە کاریگەرن بەو جیهانە نوێیەی دوای هاتنی تەکنەلۆجیا.

تۆ زیاتر حەز بەچی جۆرە ستایلێک دەکەی؟

من گوێ لە هەموو ستایلێک دەگرم، هونەر وەک خۆراک وایە، هەموو ستایلەکان تام و چێژی جیاواز دەبەخشن، بەڵام چێژی هەندێکیان لەوانەی تر جیاوازترە، ئەمەش مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت. وەک حەزیش حەزم لە هەموو ئەو دەنگانەیە کە بەجیددی هەوڵ دەدەن هونەرێکی خاوێن و باش پێشکەش دەکەن.

تەکنەلۆجیا چەند سوودی بە میوزیک و گۆرانی کوردی گەیاندووە؟

 تەکنەلۆجیا لە ماوەی ڕابردوودا سوودی گەیاندووە، هاتنی پرۆگرامی نوێی دەنگی و هەبوونی سۆشیال میدیا بۆ ئاسان گەیاندی دەنگ و ڕەنگی ئەوانەی کە هونەرمەندن سوودی زۆری هەبووە. بەڵام کە ئێستا زیرەکیی دەستکرد (Ai) دروست بووە،  پێم وایە حەز و هەستی هونەری دەکوژێت نەک هەر لە ناو کورد، بەڵکو لە ناو هەموو نەتەوەکاندا؛ چونکە هەستە ڕاستەقینەکان تەم و مژاوی دەکات و ئەو چێژە هونەرییەی پێش هاتنی زیرەکی دەستکرد (Ai) نامێنێت.

پڕۆژەی نوێت چییە؟

پڕۆژەی نوێ هەمیشە هەیە کە سەپۆرتێکی هونەریانەش هەبێ. خەریکی کارێکی هونەری هەولێرییانەم هیوادارم بە زووی و بە ڕێک و پێکی تەواوی بکەم و پێشکەشی گوێگرەکانمی بکەم.

گۆرانیبێژ زەکەریا موحسین، خەڵکی شاری هەولێرە و ساڵی 2009 چووەتە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر و ساڵی 2021 یەکەم بەرهەمی گۆرانی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و ئێستەش خەریکی تۆمارکردنی بەرهەمێکی نوێیە.

Fly Erbil Advertisment