ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ سوود لە تایلۆر سویفت وەردەگرێت

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ڕیال مەدرید هەوڵدەدات بەشێوەیەكی سەرنجراكێش كلیان ئێمباپێ لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشكەش بكات، ئەمەش لە رێگەی كۆنسێرتێكی خانمە گۆرانبێژی بەناوبانگی ئەمریكا تایلۆر سویفت.
ڕۆژنامەی "مارکا"ـی ئیسپانیا لە راپۆرتە هەواڵێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ڕیال مەدرید لە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێكی بێبەرامبەر كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان دەگوازێتەوە، بەڵام جیاواز لە هەموو ئەستێرەكانی پێشووتر مەراسیمێكی گەورە بۆ راگەیاندنی گرێبەستەكەی پێشكەش دەكات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بڕیارە ئەو خانمە گۆرانبێژەی ئەمریكا لە رۆژانی 29 و 30ـی مانگی شەشی ئەمساڵ دوو كۆنسێرتی گەورە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ساز بكات، ئەم كۆنسێرتانەش لە كاتێكدا دەكرێن كە هەفتەیەك پێشتر خولی پلەیەكی فەرەنسا كۆتایی هاتووە.
ماركا نووسیویەتی: ڕیال مەدرید دەیەوێت سوود لەو دوو کۆنسێرتەی تایلۆر وەربگرێت بەمەبەستی پێشکەشکردنی كلیان ئێمباپێ، ئەم كۆنسێرتەش 24 كاتژمێر پێش دەستپێكی یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ لە وێمبڵی دەبێت کە دەبێتە دوایین یاریی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس ئەگەر بتوانێت یانەكەی بگاتە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی ماركا هێمای بۆ ئەوەش كردووە ریال مەدرید دەیەوێت لە رێگەی دوو كەسایەتی بەناوبانگی جیهان (كلیان ئێمباپێ و تایلۆر سویفت) وابكات هەموو دونیا چاویان لەسەر راگەیاندنی گرێبەستەكەی ریال مەدرید بێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە دوایین لێدوانیدا كلیان ئێمباپێ رایگەیاندووە پێش دەستپێكی یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا كە لە 14ـی مانگی حەوتی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت چارەنووسی خۆی ئاشكرا دەكات.
كلیان ئێمباپێ حەوتەمین ساڵە یاریی بۆ پاریس سانجێرمان دەكات، بەوپێیەی لە 2017 لە یانەی مۆناكۆ روویكردە پاریس و بووە گۆڵكاری مێژوویی یانەكەش.
