عەدنان درجاڵ لەبارەی بوونی كێشە لە نێوان یونس مەحمود و كاساس هاتە دەنگ

عەدنان درجاڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی بوونی كێشە لە نێوان یونس مەحمود و خیسۆس كاساس رایگەیاند رێگە بە هیچ كەسێك نادات دەستێوەردان لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بكات، دەشڵێت: یونس مەحمود بێتاوانە.
عەدنان درجاڵ سەرۆكی تۆپی پێی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی لەگەڵ كەناڵی (ئەلرابیعە) رایگەیاند بەشێك لە میدیا گەورەكانی عێراق كاریان دەكرد بۆ ئەوەی پاڵەوانێتی جامی كەنداو لە بەسر نەكرێت، دەشڵێت: بینیمان هەندێك لە میدیایەكانی عێراق خۆیان وەكو پیشەگەر پیشان دەدات و دەیانویست وا لە خەڵكی بگەیەنن كە ئێمە توانامان نییە، ئێستاش بەشێوازێكی دیكە هەوڵ دەدەن كێشە دروست بكەن.
عەدنان درجاڵ لە بەرسڤێكدا لەبارەی بوونی كێشە لە نێوان یونس مەحمود و خیسۆس كاساس، رایگەیاند كاساس كەسایەتییەكی بەهێزی هەیە و رێگە نادات كەس دەستێوەردان لەكارەكانی بكات.
درجاڵ گوتیشی: کاتێک من ڕاهێنەر بووم ڕێگەم نەدەدا کەس دەستوەردان لە پێکهاتەکەمدا بکات، کەواتە چۆن ئەمڕۆ ڕێگە بە کەسێک دەدەم دەستوەردان لە پێکهاتەی خیسۆس كاساس دا بکات، بەدڵنیاییەوە یونس مەحمودیش بێتاوانە و هیچ دەستێوەردانێك ناكات، چونكە هەمووان دەزانن من كاراكتەرێكی لاوازم نەهێناوەتە عێراق بۆ ئەوەی هەمووان بە كەیفی خۆیان دەستێوەردان لەكارەكانی بكەن.
سەرۆكی تۆپی پێی عێراق لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رەخنەی توندی لە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق گرت و گوتی: مستەفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دژایەتی پلان و بیرۆكەكانی دەكردم، بەڵام سەرۆكوەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سودانی پشتگیری كردم لە میوانداریكرنی جامی كەندا، ئەو شایەنی هەموو وشەیەکی سوپاسگوزارییە.
لەبارەی بوونی ناكۆكی لە نێوان یاریزانەكانی نێوخۆ و پیشەگەرەكان، عەدنان درجاڵ جەختی لەوە كردەوە ئەم بابەتە هیچ بوونێكی نییە، تەنیا هەندێك میدیای بەناوپڕۆفیشناڵ باسی لێوە دەكەن، ئەوان دەیانەوێت بەربەست بۆ پێشكەوتنەكانم دروست بكەن، لەمبارەیەوە درجاڵ دەڵێت: من ئامانجی درێژخایەنم هەیە و دەمەوێت عێراق بگەیەنمە ریزبەندی 30 باشترین هەڵبژاردەی جیهان و یەكێك بین لە چوار بەهێزترین هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئاسیا.
