پەیامنێرانی کوردستان24: بەردەوامی دابەشکردنی مووچە بازاڕەکانی کوردستانی بووژاندووەتەوە

K24 – هەولێر:
بەردەوامی دابەشکردنی مووچە جووڵەی زیاتری خستووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە و هاووڵاتییان خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکەن و پێداویستییەکانیان بۆ رۆژانی جەژن دەکڕن.
دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە ماوەی هەفتەی رابردوو، هەروەها راگەیاندنی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە بڕیارە پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکرێت، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕبووە لە جموجۆڵی کڕین و فرۆشتن و دابینکردنی پێداویستییەکانی جەژن.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە شاری هەولێر، وێنەی بازاڕی گەورەی هەولێری گواستەوە کە هاووڵاتییەکی زۆر ڕوویان لە بازاڕ کردووە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی جەژن و کاسبکاران ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی بڕیاری دابەشکردنی مووچەوە، جموجۆڵی زۆر کەوتووەتە بازاڕەوە و پێزانینیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشە مووچە لەگەڵ بەغدا.
هەروەها هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە شاری سلێمانی، لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر (23:00)ـی کوردستان24 لە شەقامی مەولەوییەوە کە یەکێکە لە پڕ جموجۆڵترین شەقامەکانی بازاڕی سلێمانی، هاووڵاتییەکی زۆر ڕوویان لە دوکان و فرۆشگاکان کردووە بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەیان، بەتایبەتیش ئامادەکارییەکانی جەژنی رەمەزان.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی بەردەوامی دابەشکردنی مووچە، نەک تەنیا بووەتە دڵخۆشی بۆ مووچەخۆران کە دەتوانن پێش جەژن پێداویستییەکانیان دابین بکەن، هاوکات بەهۆی بووژانەوەی بازاڕ، کاسبکارانیش دڵخۆشن کە دەتوانن کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە کە بژێوی ژیانیشیان بەو کارەوە بەندە.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیانیش رایگەیاند، هاووڵاتییانی گەرمیانیش هاوشێوەی هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە گەرموگوڕییەوە روویان لە بازاڕەکان کردووە و گەشبینن بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا. هاوکات باسی لەوەشکرد، بەردەوامی دابەشکردنی مووچە بووەتە جێی دڵخۆشی هەموو هاووڵاتییان بە مووچەخۆران و کاسبکارانەوە.
لە دهۆکیش، چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو بازاڕی دهۆک لەگەڵ ژمارەیەک لە دوکاندار و کاسبکارانی شارەکە قسەیکرد و ئاماژەیان بەوەکرد، ماوەی 10 رۆژە تەواوی دۆخی بازاڕ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەهۆی دابەشکردنی مووچەوە و توانیویانە رێژەیەکی زۆر لە كاڵاکانیان بفرۆشن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مووچەخۆران دڵنابوونەتەوە لە بەردەوامی دابەشکردنی مووچە بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.
دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.
هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، رەوانەی بەغدای بکات.
هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".