ساسان عەونی: پلانی ورد و ستراتیژی بۆ ئەو زەوییانە دانراوە کە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن

K24 – هەولێر:
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، رایدەگەیەنێت، سەرەڕای قەیرانەکان، بهڵام سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەردەوامە؛ دهشڵێت، پلانی ورد و ستراتیژی بۆ ئەو زەوییانە دانراوە کە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن.
ئهمڕۆ (شهممه 6ـی نیسانی 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومهتی ههرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24 کە سەهێن موفتی پێشکەشی دەکات رایگەیاند، بڕیاری دابەشکردنی زهوی بهسهر فهرمانبهراندا زۆر گرنگە، نهخاسمه كه لە ساڵی 2006ـەوە بڕیاری پێدانی زەوی راگیراوە، ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەژێر گووشارێکی زۆری حکوومەتی عێراقن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە فەرمانبەرانی خۆی دەکات، وەک سوپاسگوزارییەک لەبەرامبەر باش ڕاپەراندنی کارەکانیان لە فەرمانگهكان بڕیاری دابەشکردنی زەوی پێیان دا.
ساسان عەونی، لەبارەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەڵێت: سەرۆکوەزیران سەردانی ئەو گەڕەکەی کردووە و فەرمانی کردووە کە خزمەتگوزاری بۆ بچێت، لەو کاتەوەی کە سەرۆکوەزیران سەردانی ئەو گەڕەکەی کردووە، بڕی تێچووی خزمەتگوزارییان بۆ گەڕەکە دیاریکردووە کە پێویستی بە 76 ملیار و 956 ملیۆن و 32 هەزار دینارە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لەوە کرد، سەرباری قەیرانەکان، بهڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، هەروەها لە گەڕەکەکەدا شەقامی 60 مەتری، ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی بە گوژمەی حەوت ملیار و 594 ملیۆن دیناری بۆ دروست کراوە.
ساسان عەونی زیاتر گوتی: پڕۆژەی خۆڵکاری بۆ شەقامەکانی 40 مەتری و 60 مەتری بە گوژمەی 348 ملیۆن و 947 هەزار دینار جێبەجێ کراوە، هەروەها پڕۆژەی کاری دیزاینی شەقامەکانی ناو گەڕەکەکە بە گوژمەی 180 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەیش کرد، لە ئێستادا خۆڵکاری قۆناغی یەکەم بۆ زۆنی سی بۆ گشت شەقامەکانی 12 مەتری، 15 مەتری، 20 مەتری و 30 مەتری ناو گەڕەکەکە دەکرێت، هەروەها شەش بیری ئاو لە گەڕەکەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوادەنکردنەوە بە گوژمەی 884 ملیۆن و 400 هەزار دینار لە زۆنی سی لێ دراوە.
ناوبراو لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی میری دەڵێت: دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان کۆبووینەوە لەسەر میکانیزمی چۆنیەتی تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران.
ساسان عەونی، دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە فەرمانگە پەیوەندییدارەکان زۆر بە دڵسۆزییەوە کار لەسەر دابینیکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران دەکەن و دەیکەنە بابەتی لەپێشینەی خۆیان، هەروەها لە هەوڵدان ئەو پڕۆسەیە بە خێرایی تەواوبێت بۆ ئەوەی فەرمانبەران لێی سوودمەند بن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەبارەی گەیاندنی خزمەگوزاری بۆ دەوروبەری شاری هەولێر گوتی: سەرۆکوەزیران بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەگەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان یارمەتی دەربێت بە دڵنیاییەوە سەرجەم گەڕەک و شوێنەکانی دەوروبەری ناوشار خزمەتگوزارییان بۆ دەچێت و لە پلانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێریش دایە.
ساسان عەونی، لەبارەی ئەو رێگەیەی کە لە گوندی کۆریدا داخراوە، رایگەیاند: ئاگاداری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دەکرێتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن، هەروەها بە زووترین کار چەند بیری ئاو لە گەڕەکەکە لێدەدرێت بۆ ئەوەی کێشەی کەمی ئاو دروست نەبێت.
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیران زۆر پێداگرە بۆ خزمەتکردنی ئەو پارێزگایە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە هەرێمی کوردستان، هەورەها هەروەکو چۆن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە کۆمەڵیک پڕۆژە لەو پارێزگایە جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست کرد و گوتی: لە سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەری گرێبەست هەن، وەکو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی پێویستە ئەو فەرمانبەران شوێنیان بۆ بکرێنەوە و بکرێنە هەمیشەیی، چونکە ساڵانە فەرمانبەرێکی زۆر خانەنشین دەبێت جێگەیان بەتاڵ دەبێت، بۆیە دەبێت بە فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی بۆ ئەوەی جێگەیان پڕبکەنەوە.
هاوکات گوتیشی: ئەو پرسە زۆر بە جددی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگی پێدراوە، تا ئیستا خراوەتە بەرنامەی کاری چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و گفتوگۆی لەسەر کراوە، بە دڵنیاییەوە لەکاتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پرسی بە هەمیشەییکردنە جارێکی دیکە دەخرێتەوە بەر باس و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.
بەشێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک داوای رێپادانیان کرد بۆ دروستکردنی خانووی 125 مەتری، لەمباریەوە ساسان عەونی گوتی: بڕیاری راگرتنی زەوی 125 مەتری لەبەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان، هەروەها هەر گەڕەکێک لەسەر پێداویستی و ژمارەی خێزان دیزاین دەکرێت، وەکو ستاندارت کە دەسنیشانکراوە، نابێت لە 200 مەتر کەمتر بێت.
لەبارەی داشکاندن بەرێژەی %20 لە قەزی کەڵەکبووی هاووڵاتییان کە قەرزەکانی ئاو، تابلۆی شوێن و کۆکرندەوەی خاشاک دەگرێتەوە، ساسان عەونی ئاماژەی بەوەدا، تا بارودۆخی هاووڵاتییان باش دەبێت ئەو داشکاندنە بەردەوام دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شار و شارۆچکانەی کە تاوەکو ئێستا ماستەرپلانیان نەبوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەدراوە کە 25 شار و شارۆچەکە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی ماستەرپلانەکانیان دەکرێت، ئەولەویەت لەو ریزبەندە درایە پارێزگای هەڵەبجە.