سوودانی: سوورین لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان

K24- هەولێر:
دواى كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ڕایگه‌یاند، سوورین لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
سوودانی هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، مووچە سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتییە.
ده‌شڵێت، بەرپرسیارییەتیی ئێمە وەک حکوومەتی فیدراڵ ڕژد بوونە لەسەر ژیانی فەرمانبەر و هاووڵاتی، جا چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی ديكه.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دۆسییەی دیکەیش گفتوگۆ و وتوێژیان لەسەر کرا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و ئەو هەموارانەوه هه‌يه کە پێویسته لە یاسای بودجە و گرێبەستەکاندا بکرێن. (هه‌روه‌ك ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م زانیارییانه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه).
دوای هەوڵە بەردەوام و پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دواجار بە ئەنجام گەیشت و لە راگەیەندراوەکەی ڕۆژی (3ـی نیسانی 2024)ـی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".
لێکنزیکبوونەوەی ئەمجارەی هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی مووچە بەتایبەتی دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوای سەردانە بەرهەمدارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ واشنتن لە (24ـی شوباتی 2024) و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و کۆنگرێس و وەزارەتەکانی بەرگری و گەنجینە کە لە هەموو وێستەگەی کۆبوونەوەکاندا، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە لە نێویشیاندا، دابینکردنی شایستە داراییەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.