سوپای پاسداران: شکستی ترەمپ گەواهیدەری شکستی واشنتنە لە جەنگی دژی ئێران
راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بۆ کاروباری راگەیاندن هۆشداری دا لەوەی، دابینکردنی بنکەی سەربازیی لەلایەن وڵاتانی وەک ئیمارات و بەحرەین بۆ ئەمریکا بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران، لەلایەن تارانەوە بە جۆرێک وەڵام دەدرێنەوە کە خۆیان و شوێنی دیکەش بگرێتەوە.
حەمیدڕەزا موقەدەم فەر، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بۆ کاروباری راگەیاندن رایگەیاند، ئێران بە عەقیدەیەکی سەربازی و تەکنەلۆژیای نوێ و جیاواز لە رابردوو مامەڵە لەگەڵ هەر کردارێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی دەکات.
موقەدەم فەر ئاماژەی بەوە دا، گەل و بەرپرسانی ئێران هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا نابینن و گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بایەخێکی گەورەی لە سیاسەتەکانی ئێراندا نییە. ناوبراو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای بە راپرسییەک لەسەر جەنگی دژ بە ئێران وەسف کرد و رایگەیاند، شکستی پارتی سەرۆکی ئەمریکا دونالد ترەمپ رەنگدانەوەی شکستی ئەمریکایە لەو جەنگەدا.
راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران باسی لەوەش کرد، "شۆڕشی سێیەم" بۆ خێراکردنی دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە دروستبووندایە، جەختیشی کردەوە، ئەمریکا هەوڵی راکردن لە ناوچەکە دەدات، چونکە دەزانێت دەرفەتی ئەوەی نابێتەوە بنکەکانی زیندوو بکاتەوە، ترس لە مووشەکەکانی ئێران وایکردووە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دووری 400 تا 500 کیلۆمەتر لە کەنداو بوەستن.
موقەدەم فەر ئەوەشی خستە روو، "شۆڕشی چوارەم" واتە رووخانی "ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکا" لە داهاتوویەکی نزیکدا دێتە دی و بارودۆخی ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناخێک کە رێگەی گەڕانەوەی نییە.
سەبارەت بە زیانە سەربازییەکان، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئیدعای ئەوەی کرد کە ئێران فڕۆکەی پێشکەوتووی ئەمریکی خستووەتە خوارەوە و زیاتر لە 42 فڕۆکەی تێکشکاندووە کە فڕۆکەی F-35 و فڕۆکەی سووتەمەنییان تێدایە. لە کۆتاییدا دووبارە هۆشداری دایەوە کە وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل سنووردار ناکرێت و فراوانتر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر وڵاتانی وەک ئیمارات و بەحرەین بنکەکانیان بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش.