سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی هێزەکانی کۆماندۆی ڕاگەیاند
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە شەڕەکانی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، چوار سەربازی کوژراون، کە یەکێکیان فەرماندەی فەوجی کۆماندۆیە لە یەکەی "ئاغۆز".
ئەمڕۆ یەکشەممە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە چوار سەربازی هێزی کۆماندۆیان کوژراون.
گوتیشی: سەربازەکان بریتین لە، کاپتن عیدۆ بارۆخ تەمەن 21 ساڵ، فەرماندە لە یەکەی ئاغۆز، سەرکردە ئەمیتای بن شوشان، تەمەن 20 ساڵ و ڕیڤ هاروش، تەمەن 20 ساڵ، ڕامەت دەیڤد ئێلی تەمەن 20 ساڵ، کە هەموویان لە هێزی کۆماندۆی ئیسرائیلن.
بەگوێرەی دواین ڕاپۆرتی سوپای ئیسرائیل، بە ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەو چوار سەربازە، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئیسرائیل لەو شەڕەدا گەیشتە 604 سەرباز، کە 41 کەسیان لە ئەنجامی ڕووداوی ئۆپەراسیۆنەکاندا کوژراون.
ئەم ڕاگەیاندنەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە لیواکانی ئەلقەسام کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند، 14 سەربازی ئیسرائیلیان لە گەڕەکی ئەلزینە و ئەمەل لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کوشتووە و چەندانی دیکەش بریندار بوون.