لە ئێران بەهای دۆلار بەرەو حەوت ملیۆن تومەن هەڵدەکشێت

دۆلار و تومەن
دۆلار و تومەن

K24 - هەولێر

بەهای تومەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆش جارێکی دیکە ڕیکۆردێکی دیکەی لە دابەزین تۆمارکرد و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهای 100 دۆلار بەربەستی حەوت ملیۆن تومەن تێبپەڕێنێت.

ئێستا بەهای هەر دۆلارێک گەیشتووەتە 65 هەزار و 350 تۆمەن، واتە 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا بەرامبەرە بە شەش ملیۆن و 5305 هەزار تومەن.

بەهای دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە تومەن، بە نزیکەی 20 هێندە بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو سزا و گەمارۆ ئابوورییانەی بەسەر حکوومەتەکەی تاراندا سەپێنراوە.

بەهای تومەنی ئێرانی بەشێوەیەکی خێرا بەردەوامە لە دابەزین، تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە %20ـی بەهاکەی لەدەست داوە، لە ساڵی ڕابردووشدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە تومەنی ئێرانی بەرێژەی %43 بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە.

هێرشەکانی ئەم دواییەی سیستان و بلوچستان، هاوکات هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا، ئەو ڕووداوانە بوون کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهای تومەن هەبووە.

شارەزایانی ئابووریی ئێران باس لەوە دەکەن کە هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ ئابووریی ئێران لە ئارادا نییە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهای هەر دۆلارێک بەربەستی 70 هەزار تومەن تێبپەڕێنێت.