قەیرانی ئابووریی تورکیا خۆشی جەژنی لە دانیشتووانەکەی تاڵ کردووە

تورکیا- ئەنقەرە
تورکیا- ئەنقەرە

K24 – ئەنقەرە:

چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی رەمەزان و ئەو دڵخۆشیەی ساڵانی پێشوو لەگەڵ نزیکبوونەوی جەژن لە بازاڕەکاندا هەبوو ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێتەوە هۆکاری سەرەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووری و بێ بەهابوونی لیرەی تورکی.

لە گەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان هاووڵاتییان روو دەکەنە بازاڕەکان بۆ کڕینی پێداویستیەکانی جەژن، سەرەڕای قەیرانی ئابووری هاووڵاتییان وەک نەریتێک لە جەژن و بۆنەکاندا هەوڵ دەدەن بە کەمترین خەرجی دڵخۆشی بۆ خۆیان دروست بکەن، دوکاندارەکان باس لە کەمبوونی توانای کڕینی هاووڵاتیان دەکەن کە کاریگەری زۆری لە سەر فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە تایبەتیش شیرنەمەنییەکان داناوە.

ئەرکان ئۆز تورک، دووکاندار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ جەژن، خەڵک نیو کیلۆ چوکلێت دەکڕن کیلۆی بە 100 لیرەیە، ساڵانی رابردوو 15 تۆن شیرینیمان دەهێنا بۆ جەژن دەمانفرۆشت ئەمساڵ 8 تۆنم کڕیووە 4 تۆنم فرۆشتووە و نیوەی ماوەتەوە گران نایفرۆشین، بەڵام خەڵک توانای کڕینی نەماوە لە بەر ئەوەی بە 10 هەزار لیرە نازانێت چی بکڕیت".

هەورەها خەلیل سیهلان، هاوڵوڵاتی،  گوتی: "ئابوورییەکە وردە وردە باش دەبێت، هیوادارم ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەوا هێندەی تر باشتر دەبێت، ئێستا لیرە بێ بەها بووە یەک ملیار بەهای 100 ملیۆن هەیە، واتە ناتوانین هیچ شتێک بکڕین". 

قەیرانی ئابووری لە تورکیا رێرەوی ژیانی  هاووڵاتییانی گۆڕیوە و وەک ساڵانی رابردوو ئامادەکارییەکی باش بۆ جەژن ناکەن، بەڵکو بە دوای هەرزانترین شتەکاندا دەگەڕێن.

لەلای خۆیەوە فۆرکان یاووز، دوکاندار بە کوردستان24ـی گوت: "خەڵک دێن کامە شت هەرزانە ئەوە دەکڕن، بە واتایەکی دیکە خەڵک توانای کڕینی جلوبەرگیان نییە، هەوڵدەدەن زیاتر خۆراک بکڕن تا پێداویستیەکانی دیکە، ژیان وەکو پێشتر نییە".

هەوڵەکانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری تا ئێستا بێ ئەنجام بووە  و کاریگەری لە سەر بازار و ژیانی هاووڵاتییان داناوە و ناتوانن بەپێی پێویست ئامادەکاری بکەن بۆ جەژنی رەمەزان ساڵیک پێش ئێستا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 61% بوو ئێستا بەرزبووتەوە بۆ 68.5% ئەمەش وایکردوە ژیانی هاووڵاتییان قورستر بێت.