ئیدارەی راپەڕین.. دابەشکردنی مووچە فرۆشی بازاڕی بۆ دوو هێندە زیادکردووە

K24 – رانیە:
دابەشکردنی موچەی مانگەکانی شوبات و ئاداری فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدوایی یەکتردا، جموجۆڵی بازاڕی زۆر زیاد کردووە و هاووڵاتییان بە دڵخۆشییەوە ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن بۆ ئامادەکاری جەژن و کڕینی پێداویستیەکان. دوکاندارێکیش دەڵێت "لەگەڵ ڕاگەیاندنی مووچەی مانگی ئادار فرۆشی ئێمە دوو هێندە و زیاتریش بووە".
دابەشکردنی موچەی مانگی ئادار بەردەوامە و کارمەندانی بانکەکان تا درەنگانی شەو بەردەوامن لە دابەشکردنی مووچە، بەگوێرەی پلانی وەزارەتی دارایی تا ڕۆژی پێش جەژنی رەمەزان پێویستە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرتبێت.
توانا سەرگەڵوو، دوکاندارێکی دەڤەری ڕاپەڕینە و دەڵێت: دابەشکردنی دوو موچە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە، دۆخی بازاڕ و کڕین و فرۆشی بەرزکردووەتەوە و هاووڵاتییان بەخۆشحاڵی و لە کەشێکی ئاسوودەتردا، ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن تا پێداویستییەکانی پێشوازی لە جەژن بکڕن.
ساڵانە بەر لە جەژنە ئایینی و نەتەوەییەکان بە دوو مانگ، کۆگا و دوکاندار و فرۆشیاران لەو خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و کاڵایانە دێنن کە خواستی زۆری خەڵکی لەسەرە، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان، بۆیە ئەگەر لە بازاڕدا لە کاتی خۆیدا ساغی نەکەنەوە، زیانی زۆر بە پرۆسەی بازرگانی دروست دەبێت و ئەوانیش رووبەڕووی دۆخێکی خراپی دارایی دەبنەوە.
لەلایەن خۆیەوە، کارمەند عەزیز، فرۆشیارێکی ناوچەکەیە و دەڵێت: تا دوو هەفتە بەر ئێستا جموجۆڵی بازاڕ بەگشتی خراپ بوو، ترسیان لە مانەوەی کەلوپەلەکانیان و نەفرۆشتنیاندا هەبوو، دابەشکردنی دوو مووچە بەسەر یەکەوە، نەک بۆ مووچەخۆران، بەڵکو بۆ بازاڕ و فرۆشیارانیش بوو بە دووجەژن و فرۆشی زۆربەیانیشی بۆ دوو هێندە زیادکردووە.
بە پێداگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر مافی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان، حكوومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی شوبات و ئادار رەوانە کرد و دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو، راستەوخۆ دەستکرا بەدابەشکردنی موچەی مانگی سێش، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ مانگەکانی داهاتووش، دەبێت مووچە لەوادەی خۆی دابەش بکرێت.
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.
دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.
هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، رەوانەی بەغدای بکات.
هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".