دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بەردەوامە

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە (9ی نیسانی 2024) لەگەڵ ئەوەی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام ئەو بانکانەی مووچەیان تێدا دابەش دەکرێت دەوام ئاساییە و پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بەردەوامە.

دیمەن ئەحمەد وردبینکار لە بانکی دوین لە هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: مووچەی مووچەخۆرانی پێنج وەزارەت لەم بانکە دابەش دەکرین و لە کاتژمێر 7:30ی بەیانییەوە سەرجەم فەرمانبەران هاتوونەتەوە دەوام تا وەکوو ئەو مووچە خۆرانەی ماون و مووچەیان پێ بدرێت.

گوتیشی: تا دوایین مووچەخۆر مووچەکەی پێدەدرێت فەرمانبەرەکانیان لە ئەرک و دەوام دەمێننەوە.

ئێوارەی دوێنێ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بارەی بەردەوامی دابەشکردنی مووچە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لەگەڵ سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) ، لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە، تاكو سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن.

دوای هەوڵە بەردەوام و پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دواجار بە ئەنجام گەیشت و لە ماوەی 10 رۆژدا مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار دابەشکران، هەروەها وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانە بە پلە بەرزکردنەوە.

Fly Erbil Advertisment