هەندرێن وەرتی: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەندی بە دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانەوە هەیە
K24 - هەولێر
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەندی بە دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانەوە هەیە. دەشڵێت، ئێستا یەدەگی زێڕی عێراق دەگاتە سەرووی 137 تۆن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 09-04-2024، هەندرێن عەبدولرەحمان وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 کە هاژە گوڵالی پێشکەشی کرد؛ باسی لە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان کرد.
هەندرێن عەبدولرەحمان گوتی، "نرخی زێڕ پەیوەندی بەو بڕە پارانەوە هەیە کە لەدەستی هاووڵاتییاندایە. پێش ئەوەی زێڕ گران ببێت، خەڵک هەر دەیکڕی، ئێستاش کە گران بووە، هەر دەکڕدرێت، واتا پەیوەندیی بە دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانەوە هەیە".
بە گوتەی هەندرێن عەبدولرەحمان، "هاوشێوەی وڵاتانی دیکە عێراق بەو لاوازییەی هەیە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نزیکەی سێ تۆن زێڕی کڕیوە. ئێستا یەدەگی زێڕی عێراق دەگاتە سەرووی 137 تۆن. وڵاتان ساڵانە بە شێوەی فیزیکی زێڕ دەکرن و ڕێژەی یەدەگی زێڕیان بەرز دەکەنەوە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخەکەی لەنێو بازاڕەکاندا دەبێت".
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کەسانەی ئێستا لەنێو بازاڕەکان زێڕ دەکڕن، ئەوانەن کە باری داراییان باشە، کۆمپانیاکانن، عەقاراتەکان و هەروەها هەندێک کەسن کە دەیانەوێت بڕێک لەو پارەی هەیانە بکەنە زێڕ و بیپارێزن. لە ماوەی ڕابردووشدا خەڵک ئەم چەندەی کردووە و زێڕی زۆری کڕیوە، ئەمەش شتێکی زۆر باشە بۆ ئێستا".
ئەمە لە کاتێکدایە نرخی زێڕ هاوشانی نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە نرخێکی پێوانەیی نوێ و ئاستەکانی دوو هەزار و 365 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش لە دەرئەنجامی کڕینی زێڕ لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی لەلایەن گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا و زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی بەردەوامی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت.
بە گشتی نرخی زێڕ لە دەستپێکی ئەمساڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و تاکوو ئێستا نرخەکەی لە سەدا 13.7 بەرزبووەتەوە. ئەوەی گرنگە ئێستا بە لای بازاڕی زێڕ چاودێریی ڕاپۆرتی سبەی لیژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکایە کە دەتوانێت ئاماژەی زیاتر بداتە بازاڕەکان کە ئایا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئاراستەی سیاسەتەکانیان چۆن دەبێت دەست دەکەن بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی یاخود نا، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا ئامارەکانی تایبەت بە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمەریکا بڵاو دەکرێنەوە دەتوانن ئاماژەی زیاتر بۆ بازاڕەکان دروست بکەن بۆیە سبەی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تایبەت نرخی زێڕ گرنگ دەبێت.