عه‌لی جومعه: هاوسه‌ران بۆیان نییه پاسوۆردی مۆبایلی یه‌كدی بزانن

K24 - هەولێر:
موفتی پێشووی میسر ئاماژه به‌وه ده‌كات پاسوۆردی مۆبایل، ماف و تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سییه و هاوسه‌ران بۆیان نییه بچنه تەماشای ناوەرۆکی مۆبایلی یه‌كدی بکەن؛ ده‌شڵێت، هه‌وڵی هاوسه‌ران بۆ دۆزینه‌وه و زانینی پاسوۆردی یه‌كدی، كاری شه‌یتانه و دوودڵی و گومان ده‌خاته نێوانیان.
عه‌لی جومعه، موفتی پێشووی میسر له فه‌توا و هه‌ڵوێستێكی فیقهیدا ڕایگه‌یاند، پاسوۆردی مۆبایل، ماف و تایبه‌تمه‌ندی كه‌سییه و هاوسه‌ران بۆیان نییه به‌بێ پرس و ڕووخسه‌ت، ته‌نانه‌ت تەماشای ناوەرۆکی مۆبایلی یه‌كدی بکەن.
موفتی پێشووی میسر هه‌وڵی هاوسه‌ران بۆ دۆزینه‌وه و زانینی پاسوۆردی یه‌كدی، كاری شه‌یتانه و دوودڵی و گومان ده‌خاته نێوانیان.
عه‌لی جومعه به پێویستیشی زانی هاوسه‌ران ڕێز له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یه‌كتر بگرن، نه‌خاسمه كه ئه‌م ڕێزگرتنه ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوانیان، به‌ڵكو ڕێگه لە دروستبوونی كێشه‌یش دەگرێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشاوه، زۆرێك له جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانیانه له كاروبار و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یه‌كدی. ڕوونیشی كرده‌وه، هه‌موو به‌ها ئایینییه به‌رزه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر سۆز، به‌زه‌یی و ئارامیی ده‌كه‌نه‌وه بۆ ڕوونه‌دانی كێشه و به‌ڵای گه‌وره. به پێویستیشی زانیوه‌ته‌وه، هاوسه‌ران خۆیان له‌وه به دوور بگرن چاودێریی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یه‌كدی بكه‌ن و سیخوڕی به‌سه‌ریه‌كدا بكه‌ن.
عه‌لی جومعه گوتووشیه‌تی، ئه‌گه‌ر بۆ ئافره‌ت یان پیاو ئاشكرا بوو، یه‌كێكیان له ڕێگه‌ی مۆبایل و ئه‌نته‌رنێته‌وه ناپاكی له‌گه‌ڵ كردووه، با به‌رامبه‌ری لێبوورده بێت و له‌گه‌ڵیدا ئاشت ببێته‌وه و ته‌وقه له‌گه‌ڵ یه‌كدی بكه‌ن، كه ئه‌مه‌یش په‌یامی قورئانی پیرۆزه.