بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی بۆ كوردستان24: هه‌ر دوكاندار و كۆمپانیایه‌ك نرخی كاڵاکان زیاد بكات سزا ده‌درێت

سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشەسازی
سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشەسازی

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی بازرگانی هۆشداری توند به‌ دوكاندار و بازرگانه‌كان ده‌دات کە دۆخی ئێستای مووچەخۆران‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بقۆزنه‌وه‌ و ڕایگەیاندووە: هه‌ر دوكاندار و كۆمپانیایه‌ك نرخی كاڵاکان زیاد بكات سزا ده‌درێت.

ڕۆژی سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ‎"بەهۆی ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا، دوو مووچە بەسەر یەكەوە بۆ فەرمانبەرانی خۆڕاگری كوردستان خەرج كراوە و پێشبینی نزیك بوونەوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواریش دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی زۆربوونی سیولە لە بازاڕ و خستنەڕووی بڕێكی زۆر لە پارەی كاش".

سەروەر هاواری ئاماژەی بەوەش کرد کرد: "ئاگاداری هەموو فرۆشیار، دوكاندار، ماركێت و كۆمپانیاكان دەكەینەوە، ئەگەر نرخی كاڵا و شتومەك لەسەر هاووڵاتییان بەرز بكەنەوە و ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و ببێتە هۆی جۆرێك لە هەڵاوسانی نرخەكان، ناچار دەبین لە ڕێگەی تیمەكانی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕ، بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان توندترین سزا بسەپێنین".

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابوورییڕاسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکرد و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادە کرد و ناردە بەغدا.

دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە ڕۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستی پێکرد و لە ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.

هەروەها ڕۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستی پێکرد و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش کرا. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، ڕەوانەی بەغدای بکات.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

Fly Erbil Advertisment