چاڤی گاڵتە بە پاریس سانجێرمان دەكات

چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا لە پرێس كۆنفرانسی پێش رووبەڕبوونەوەی پاریس. 9/4/2024
چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا لە پرێس كۆنفرانسی پێش رووبەڕبوونەوەی پاریس. 9/4/2024

لە قۆناخی چارەگی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەوادارانی بارسێلۆنا دەیانەوێ یادی ریمۆنتادای حەفت ساڵ لەمەوبەر زیندوو بکەنەوە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆناش دەڵێت: ئێمە هیچ فشارێكمان لەسەر نییە و 5 نازناوی چامپیۆنزلیگمان هەیە و بەرامبەرەكەشمان سفر نازناوی چامپیۆنزلیگی هەیە، لە بەرامبەردا لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەیەوێت شكست بە یانە خۆشەویستەكەی پێشووی بارسێلۆنا بهێنێت.
بارسێلۆنا ئەم وەرزە لە خولی ناوخۆی وڵاتەکەی دۆخی باش نییە، بەڵام پاریس سانجێرمان بە رێژەیەكی زۆر نزیكە لە بردنەوەی خولی نێوخۆیی وڵاتەكەی.
چاڤی هێرناندێز بۆ ئەم یارییە دەیەوێت بە بردنەوە سۆزی هاندەران بۆخۆی راکێشتەوە، دەرفەتێكی باشی لەبەردەمە، بەوپێیەی بۆ ئەم یارییە بارسێلۆنا جەند یاریزانێکی بۆ گەڕاوەتەوە، گرنگترینیان ناوی هەریەکە لە پێدری و فرنکی دی یۆنگ لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بارسێلۆنان بۆ ئەم یارییە، هاوكات بەرگریکاری دانیمارکی کریستینسنیش ئامادەیە.

چاڤی لەبارەی پاریس چی دەڵێت؟
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا پێش یارییەكەی سبەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان رایگەیاند بەرامبەر پاریس هیچ هەست بە فشار ناكەن، دەشڵێت: راستە لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس لە شێوازی یاریكردنی بارسێلۆنا شارەزایە، بەڵام منیش ناسنامەی خۆم هەیە و هەردووكمان كێبڕكێ لەسەر بردنەوە دەكەین، ئەوەی گرینگە دەبێت یاریزانەكان ئەو كێبڕكێیە یەكلایی بكەنەوە.
چاڤی گوتیشی: راستە من و ئێنریكی هەردووكمان لە هەمان قوتابخانەی بارسێلۆناین و بەشێوازی هێشتنەوەی تۆپ و دەرفەتی دروستكردنی هێرش كار دەكەین، بەڵام ئێمە هەست بە فشار ناكەین، چونكە 5 نازناوی چامپیۆنزلیگمان هەیە، پاریسیش سفر نازناوی هەیە، كەواتە بۆ دەبێت هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ بكەین.

ئێنریكی باسی یانە خۆشەویستەكەی دەكات
لویز ئێنریكی راهێنەری كەتەلۆنی یانەی پاریس سانجێرمان رایگەیاند بە هەموو هێزەوە دەیەوێت لە یانە خۆشەویستەكەی پێشووی بارسێلۆنا بباتەوە، دەشڵێت: بەڵێن دەدەم هەموو شتێك لەپێناو یانەكەم بكەم، دەبێت بە باشترین پێكهاتەوە رووبەڕووی باشترین پێكهاتەی بارسێلۆنا ببمەوە.

بارسێلۆنا لە مێژوودا چواردە جار رووبەرووی پاریس سانجێرمان بووەتەوە، شەش یاری بردووەتەوە چوار یاری دۆراندووە، لە چوار یاریش یەکسان بووە، گەورەترین ئەنجامی بارسێلۆنا شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بووە لە دژی پاریس، خراپترین دۆڕانیشی چوار گۆڵی بێوەڵام بووە. 

لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان
لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان