مەلا یاسین: 10 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان سامانەکانیان زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلارە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو زەكاتەی كە دەكەوێتە سەر سەرمایەداران، نزیك دەبێتەوە لە 500 ملیۆن دۆلار و دابەشکردنی ئەم زەكاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەژاراندا ڕۆڵێكی ئەرێنی دەبینێت بۆ كۆمەڵگە.
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرھێنانی كوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، 10 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلارە، هەروەها لە ماوەکانی ڕابردوودا دەوڵەمەندەکانی کوردستان لە کاتی تەنگانەدا یارمەتیدەری هەژارەکان بوونە.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو زەكاتەی كە دەكەوێتە سەر سەرمایەداران نزیك دەبێتەوە لە 500 ملیۆن دۆلار و بە دابەشکردنی ئەم زەكاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە رۆڵێكی ئەرێنی دەبینێت بۆ كۆمەڵگە.
مەلا یاسین مەحموود، گوتی: "پێویستە زەکات لە کوردستان ڕێک بخرێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، هەروەها هەر چەندە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە بابەتی زەکاتدان ئێستە زۆر کاڵ بووەتەوە."
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنانی كوردستان، باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار خانەوادەی هەژار هەن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە، ساڵانە تەنیا لە 10% بۆ 15%ـی خەڵکی ئاسایی و سەرمایەداران زەکات دەدەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری نابێت لەنێو کۆمەڵگەدا.
مەلا یاسین مەحموود، گوتیشی: ئەو زەکاتەی لە سەر خەڵکی ئاسایی و سەرمایەدارانە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلارە، ئەگەر بە ڕێکوپێکی دابەش بکرێت بەسەر 150 هەزار ماڵە هەژارنشینەکان، ئەوا یەک خانەوادەی هەژار لە هەرێمی کوردستاندا نامێنێت.