سەلمان کەریم: ئەو بەنداو و پۆندانەی دروستکراون ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری دا هەیە

K24  - هەولێر

سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و داڕشتن لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بووەتە شتێکی پێویست، چونکە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا سەرچاوەکانی داهاتی ئاو کەمیکردووە.

سەلمان کەریم، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و داڕشتن لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بووەتە شتێکی پێویست، چونکە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا سەرچاوەکانی داهاتی ئاو کەمیکردووە بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی، ڕێژەی دابارین کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو، ئامانجمان ئەوەیە ئەو ئاوەی لە ئەنجامی دابارین دێت، بەفیڕۆی نەڕوات و گلی بدەینەوە.

سەلمان کەریم دەشڵێت: بەنداوی بەستۆڕە کە لەژێر کارکردندایە و هەروەها بەنداوی گۆمەسپانیش کە ڕۆڵێکی باڵایان دەبێت لە بواری کشتوکاڵ و گەشتیاریدا. هەروەها پۆندمان هەیە کە لەسەر ڕێڕەوی باران دروست دەکرێت بۆ گلدانەوەی ئاو، ئەویش تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 32 پۆند جێبەجێکراون، وە لە سلێمانی 10 پۆند، لە دهۆک 15 پۆند، لە کۆیە 5 پۆند، لەگەرمیان 10 پۆند و لەزاخۆش 8 پۆندە. واتە کۆی گشتی ئەو پۆندانەی دروست کراون 116 پۆندە.

ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەشکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە بەپیری ئەو پڕۆژانەوە هاتووە، چونکە هیچ لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و کەرتی نەوتیش، هیچیان بەبێ ئاو نایەتەدی. بۆیە پێویستە سێکتەری ئاو گرنگیەکی تەواوی پێبدرێت، تاوەکو کەرتەکانی دیکەشی پێ ببوژێتەوە.

Fly Erbil Advertisment