ئەمەریکا سێ تۆن خواردنی دیکەی لە ئاسمانی غەززە بەردایەوە

ئەمەریکا سێ تەن خواردنی دیکەی لە ئاسمانی غەززە بەردایەوە (وێنە: AP)
ئەمەریکا سێ تەن خواردنی دیکەی لە ئاسمانی غەززە بەردایەوە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

هێزەکانی ئەمەریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی سی-130 نزیکەی سێ تۆن خواردنیان لە ئاسمانی باکووری غەززە بەردایەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی سی-130 نزیکەی سێ تۆن خواردنیان لە ئاسمانی باکووری غەززە بەردایەوە، بەم شێوەیەش لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا ئەمەریکا 855 تەن هاوکاریی مرۆیی لە ئاسمانی غەززە خستووەتەخوارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی غەززە بەردەوام دەبێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانیان

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هەیینی، تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە 89 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوانی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 33 هەزار و 634 کەس، 76 هەزار و 214 کەسی دیکەش بریندارن.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس پێیناوەتە حەوتەم مانگ، تاوەکو ئێستاش حەماس و ئیسرائیل لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێکنەکەوتوون و بەردەوام یەکدی بە رەتکردنەوەی مەرجەکان تۆمەتبار دەکەن، دۆخی مرۆییش هێندە سەختە بە فڕۆکە خواردن لە ئاسمانی غەززە بەردەدرێتەوە.