قەحتان جەسیر بۆ كوردستان24: هێشتا بە فەرمی نەبوومەتە راهێنەری هەولێر

قەحتان جەسیر راهێنەری بەربژێركراوی عێراقی بۆ راهێنەرایەتی یانەی هەولێر
قەحتان جەسیر راهێنەری بەربژێركراوی عێراقی بۆ راهێنەرایەتی یانەی هەولێر

قەحتان جەسیر، راهێنەری بەربژێركراو بۆ شوێنگرەوەی حەیدەر عەبدولئەمیر ئامادەنەبوو واژۆ لەسەر گرێبەستی یانەی هەولێر بكات تاوەكو ئیدارەی یانەكە كێشەكانیان چارەسەر نەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە یاریزانانی یانەی هەولێر بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە و ئامادەنین بگەڕێنەوە راهێنانەكان تاوەكو شایستە داراییەكانیان وەرنەگرن.

حەیدەر عەبدولئەمیر بووە پێنجەمین راهێنەر لە سەردەمی دوو ساڵی تەمەنی دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە، پێشتر هەریەكە لە تاریق جەرایا، غازی فەهد، نزار مەحروس و عەباس عوبێد لەگەڵ یانەی هەولێر سەركەوتوو نەبوون و لە پۆستەكانیان لادران.

ئیدارەی یانەی هەولێر، قەحتان جەسیری بۆ راهێنەرایەتی یانەكە بەربژێر كرد، ئەو راهێنەرە ئەمڕۆ گەیشتە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری، بەڵام نەیتوانی یەكەمین رۆژی راهێنانەكانی لەگەڵ یانەكە دەست پێ بكات، بەوپێیەی یاریزانەكان لە پێناو شایستە داراییەكانیان بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە، هاوكات قەحتان جەسیر لە نزیكەوە هەندێك گفتوگۆی لەگەڵ دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر كرد و چاوی بە بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەكە كەوتووە.

قەحتان جەسیر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند ئامادەنەبووە واژۆ لەسەر گرێبەستی یانەی هەولێر بكات تاوەكو كێشەكانی یانەكە چارەسەر نەكەن، دەشڵێت: تەنیا 24 كاتژمێر دەرفەتم پێداون، ئەگەرنا دەگەڕێمەوە بەغدا.

قەحتان جسیر تەمەنی 50 ساڵە، پێشتر لە 2022 لە شوێنی حەكیم شاكر بۆ ماوەیەكی كورت بووە راهێنەری قوە جەوییە، ئەزموونێكی كورتی راهێنەرایەتی لەگەڵ شورتە و تەڵەبەش تاقی كردووەتەوە، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقیش بووە بۆ خوار تەمەن 17 ساڵان و 20 ساڵان.

قەحتان جەسیر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری لەگەڵ دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر
قەحتان جەسیر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری لەگەڵ دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر
.

 

Fly Erbil Advertisment