عه‌توان عه‌توانی: قه‌باره‌ی بودجەی ساڵی 2024 ده‌گاته 228 ترلیۆن دینار

K24 – هه‌ولێر:
سەرۆکی لیژنەی دارایی، پەرلەمانتار بەها و کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2024 ئاشکرا ده‌كات؛ هاوکات هۆی دواکەوتنی ناردنی خشتەی بودجه بۆ پەرلەمان و دەنگدان لەسەری ده‌خاته ڕوو.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 16ـی نیسانی 2024) عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، قەبارەی بودجەی ساڵی 2024 ده‌گاته 228 ترلیۆن دینار و 81 ترلیۆن دیناریش كورتهێنانی ده‌بێت.
عه‌توان عه‌توانی دەڵێت: حکوومەت ڕژده لە پێداچوونەوە بە تەرخانکردنی دارایی و پێداویستییە ڕاستەقینەکانیان و دەبێت بە خەرجییە ڕاستەقینەکانی بودجەی ساڵی 2023 به‌راورد بكرێت. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت به پێی ئه‌وه‌ی شایه‌نیه‌تی، بودجه‌ی بۆ دابین بكرێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانتاری ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، بە پێی یاسای بودجە دەبێت پێش کۆتایی ساڵی ڕابردوو بودجەی ساڵی 2023 بگات، بەڵام ئەو زیادکردنانەی بەدەستی هێناوە دەبێت بخرێتە ناو خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024.
عه‌توانی هەروا گوتی: خەرجییە زۆرەکان و زیادبوونی بە شێوەیەکی بەرچاو، داوایان لە حکوومەت کردووە پێداچوونه‌وه بە تێچوو و خەرجییە ڕاستەقینەکانی ساڵی 2023 بكات.
ڕۆژی 29ـی ئاداری 2024، عه‌توان عه‌توانی ڕایگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی خشته‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵییه له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌له بكرێت له په‌سندكردنی به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكردن به پاره‌داركردن و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق داوای له حكوومه‌ت كردبوو په‌له بكات له ناردنی خشته‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی په‌له له په‌سندكردنی بكرێت.
ڕۆژی سێشه‌ممه 20ـی شوباتی 2024، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە شڤان جه‌باری، پەیامنێری کوردستان24 تێیدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند، حكوومه‌ت به‌رده‌وامه له وردبینیی خشته‌ی تایبه‌ت به بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2024 و دوای ته‌واوكردنیشی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌روه‌ها ڕۆژی 14ـی ئادار، ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، زانیارییه‌كانی تایبه‌ت به خشته‌ی بودجه‌ی 2024 ته‌واو بووه و ده‌قه‌كانی ئاماده كراوه و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه.