کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان هاوڕان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ پارتی هاوڕان. باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەڵێت، دەبێت هەڵبژاردنەکە "ئازاد، دادپەروەرانە شەفاف بێت و، لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت".

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هێڵن و لەگەڵ هەڵوێستی پارت دیموکراتی کوردستان هاوڕان، کە دەبێت هەڵبژاردنیکی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف بەڕێوەبچێت.

دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ تۆماس سیڵەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. تۆماس سیڵەر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە و دەبێت لایەنەکان لەناو خۆیان کێشەکان چارەسەر بکەن.

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق گوتی، "یەکێتیی ئەوروپا ئامادەی پێدانی راوێژە دەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان. دەمانەوێت سیاسییەکان لەناو  خۆیاندا چارسەری کێشەکان بدۆزنەوە. لەگەڵ یۆنامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لەم بارەیەوە بەردەوامە و دەمانەوێت یارمەتیدەربین. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، چونکە بەبێ هەڵبژاردن و حکومەتی تازە هەڵبژێردراو ناکرێت چاکسازی راستەقینە ئەنجامبدرێت."

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق  ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت هەڵبژاردن، ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف بێت  و لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

تۆماس سیڵەر لەوبارەوە گوتی، "داوام لە هەموو سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە چارەسەری کێشەکان بکەن وهەڵبژاردن بکەن. هەڵبژاردن دوو ساڵە دواخراوە نەک دوو هەفتە، ئەگەر نەکرێت کاریگەری لەسەر بناغەی دیموکراسی هەرێم دەبێت. دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەر و شەفاف لەسەرجەم بەشەکانی هەرێم بەڕێوەچن".

سەرۆک بارزانی چەندین جار رایگەیاندووە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردندا و پارتی خۆی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە. لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ تۆماس سیڵەر سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە، پێویستە هەموو کێشە و بەربەرستەکانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەربکرێن و هەڵبژاردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە و دوور لە دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.