عادل باخەوان: بوونی ئەمەریکا لە عێراق بۆ کورد گرنگە

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق

K24 – سلێمانی:

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا بتوانێت لەگەڵ سوودانی ڕێککەوتنێکی نوێ و فراوان واژۆ بکات هەم لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، هەم لە بەرژەوەندیی عێراق دەبێت.

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانی هەم سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەم سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی زۆر باشی کرد کە پێش سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریکای کرد، چونکە زەمینەسازییەکی کرد بۆ ئەو دۆسیانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمەریکا بتوانێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سوودانی بیورووژێنێت.

عادل باخەوان، دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا بتوانێت لەگەڵ سوودانی ڕێککەوتنێکی نوێ و فراوان مۆر بکات لەسەر کۆی دۆسییەکان هەم لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبێت هەم لە بەرژەوەندیی عێراق دەبێت، چونکە بە مانای ئەوە دێت بوونی ئەمەریکا لە عێراق فۆڕمێکی دیکە وەردەگرێت و دەوڵەمەندتر دەبێت، هاوکات چەند ئەمەریکا بە دەوڵەمەندی لە عێراقدا ئامادە بێت ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان باش دەبێت، چونکە ئەو کاتە هەژموونی میلیشیاکان کاڵتر دەبێتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment