رێژەی گۆڵکردنی ئێرلینگ هالاند لە دابەزینە

هالاند بە درێسی مان سیتی
هالاند بە درێسی مان سیتی

گەرچی ئێرلینگ هالاند پێشەنگی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگی گرتووە، بەڵام ئەم هێرشبەرە نەرویجیەی یانەی مان سیتی رێژەی گۆڵکردنی بەراورد بە وەرزی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئێرلین هالاند لە هاوینی 2022 پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کر د و لە یەکەمین وەرزیدا خەڵاتی گۆڵکاری پرێمەرلیگی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 36 گۆڵی تۆمار کرد و بە جیاوازی 6 گۆڵ بەپێش هاری کەین کەوتەوە، ئەو کاتە هالاند بووە یەکەمین یاریزان لە وەرزێکدا زۆرترین گۆڵ لە شێوازە نوێیەکەی پرێمەرلیگ بکات کە لە ساڵی 1992ەوە دەستیپێکردووە.

ئێرلینگ هالاند لە وەرزی 2022-2023 توانی بەشداری لە 35 یاریی پرێمەرلیگ بکات و 2777 خولەک یاریی کرد، تەنیا لە سێ یاریی بەهۆی پێکانەوە دابڕا و 36 گۆڵی تۆمار کرد، واتە لە هەر 98 خولەکێک گۆڵێکی بۆ مان سیتی دەکرد.

کەچی لەم وەرزە هالاند بەمجۆرە نابینرێت و تا ئێستا لە پرێمەرلیگ بەشداری 26 یاریی کردووە و 2186 خولەک یاریی کردووە، بەهۆی پێکانەوە لە 7 یاریی دابڕاوە، گەرچی رێژەی گۆڵکردنی دابەزیوە و تەنیا 20 گۆڵی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆڵ پاڵمێری هێرشبەری چێڵسی پێشەنگی گۆڵکارانی گرتووە، واتە لە هەر 149 خولەکێک گۆڵێک تۆمار دەکات.

ئێرلینگ هالاند نەیتوانی سەرکردایەتی مان سیتی بکات لە سەرکەوتن بەسەر ریاڵ مەدرید و بەردەوام بوون لە چامپیۆنزلیگ، لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر مێرەنگی تووشی پێکان بوو بەهۆیەوە لە دوو یاریی یانەکەی بێبەش بوو، ئێستاش مان سیتی پێویستی بەم هێرشبەرە نەرویجیەی هەیە بۆ ئەوەی لە یارییە یەکلاکەرەوەکانی ئەم وەرزە بۆ بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ سەرکردایەتی تیپەکە بکات.

Fly Erbil Advertisment