ڕەوینەوەی مەترسیی وشکەساڵی هاندەری جووتیارانی ئاکرێ بووە تا ڕووبەرێکی فراوانتری زەوی وەبەربێنن

دەشتی نافکوڕ - ئاکرێ
دەشتی نافکوڕ - ئاکرێ

K24 - دهۆک

بارانی ئەم ساڵ ئاهێکی وەبەر ڕووباری خازر و جووتیارانی قەراغ و دەوروبەری ڕووبارەکەدا هێناوەتەوە و ئاستی ڕووبارەکە بەراورد بە ساڵی پار سێ هێندە بەرز بووەتەوە و بووەتە ئومێدێکی باش و جووتیاران بە جۆش و خرۆشەوە سەرقاڵی کێڵانی زەوییەکانیانن لە دەشتی نافکوڕ لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ.

هیرو محەممەد، جووتیارێکی دانیشتوی گوندی خەلیکانە لە ئاکرێ، بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەم ساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بە نیازە زەوییەکەی دابچێنێت" دەشڵێت، "بارانی ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چەند هێندە بوو، ئەمەش هاندەرە بۆ ئەوەی ئێمەی جوتیاران پەرەی زیاتر بە کشتوکاڵ بدەین، چونکە ئاوی سەرزەویی و ژێر زەوی بە ڕادەیەکی باش زیادیان کردووە"

زۆربوونی ئاستی ئاوی ڕووباری خاز لەلایەک و ئاوی ژێر زەوی لەلایەکی دیکەوە بوونەتە مایەی دڵخۆشی و گەشبینیی جووتیاران و بە جۆش و خرۆشەوە زەوییەکانیان دەكێڵن و بە بەرهەمی هەمەجۆر دایدەچێنن، بەڵام داوای پشتیوانیش لە وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن وەک ساڵانی ڕابردوو لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵ، ڕێگری لە هاوردەی بەرهەمی هاوردە بکرێت.

لەمبارەوە بورهان ئەحمەد بۆ کوردستان24 دەڵێ "سوپاس بۆ خوا ئەم ساڵ باران زۆر باری و ئێمەش زیاتر پەرەمان بە کشتوکاڵ و داچاندنی زەوییەکانمان کردووە، تەنیا داواکاریمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ڕێگریی لە هاوردەی بەروبوومی دەرەکی بکات".

بەگوێرەی ئەو بارانەی ئەم ساڵ بە درێژایی هەر سێ وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهار لە سنووری ئاکرێ باریوە، مەترسی وشکەساڵی بە تەواوی ڕەویوەتەوە و ئەمەش بە تەواوی نیگەرانیی جوتیارانی نەهێشتووە و لە کاری وەرزێریدا تەواو دەست کراوەی کردوون.

لە بارەی وشکەساڵی و بارانی ئەمساڵ، ڕەمەزان شەریف بەرپرسی بەشی ئاودێری شارۆچکەی ئاکرێ بۆ کوردستان گوتی: ئەمساڵ تەواوی سەرچاوەکانی ئاو بوژاونەتەوە جا ڕووبار بێت یان کانی، نموونە ڕووباری خازر سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو ئاوی زیادی کردووەم ئەمەش هاندەرێکە بۆ ئەوەی جووتیارانی سنوورەکە ترسی وشکەساڵیان نەمێنێت و ڕووبەرێکی فراوانتری زەویی وەبەربێنن".

چەندین ساڵە تاوەکوو ساڵی ڕابردووش کەم بارانیی و وشکەساڵی کشتوکاڵی لە سنووری ئاکرێ و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردبوو، بەڵام ئەم ساڵ دەشتی نافکوڕ لە ئاکرێ کە یەکێکە لە دەشتە بە پیت و بڕشتەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندین بەروبوومی خۆماڵی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، لە نێویشیاندا ساڵانە بە سەدان هەزار تۆن پەتاتەی تێدا بەرهەم دێت کە ئاستی خۆ بژێوی تێ پەڕاندووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بازاڕی دەرەکی بۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمی جووتیاران دۆزیتەوە و لە نێویاندا پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت.