هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ د. محەممەد زراری: فەرمانبەران مافی خۆیانە پلە بەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت بەڵام پێویستی بەتەرخانکردنی بودجەیە

K24 - هەولێر
له ههڤپهیڤینێكی كوردستان24ـدا د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی له ديوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، تیشک دهخاته سهر شاندی حکوومەتی ههرێمی كوردستان و کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
کوردستان24: کەی مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دێت؟
د. محەممەد زراری: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە من ئێستە هەمە، هیچ گرفتێک لە ناردنی مووچە نییە. لەبەر ئەوەی لیستی مووچە بەتەواوی ناردراوە بۆ بەغدا، هەمان ئەو لیستەیە کەوا لە مانگی دوو، سێ پشتی پێ بەستراوە، تەنیا مەگەر هەندێک "عەلاوە" هەبێت بۆ نموونە؛ جێگرەوەیەک بێت یان لەکارلادانێک یاخود دوورخستنەوەیەک، دەستبەکاربوونەوەیەک یان مۆڵەتی بێ مووچەیی بێت، وەکو لیستی مووچە هیچ کێشەو گرفتی نییە تەنیا مەگەر ئەو گۆڕانانە هەبێت.
"بە دوو گوژمە یان سێ گوژمە، هەموو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانلەم هەفتەدا دەنێردرێت"
د. محەممەد زراری دەڵێت، لیستەکە لە ڕۆژی یەکشەممە، 21ـی نیسانی2024، ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بە شێوازی سیدی و کاغەزیش، وردبینیش تەواو بووە و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام بەپێی گوتەکانی حکوومەتی فیدراڵ خۆیان، دیارە کێشەی سيولهیان هەیە، واتە نەختینەی بانکی، تاکو ئەمڕۆش ههندیك وەزارەتەکانی خۆیان مووچەیان وەرنەگرتووە.
هەروەها مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ڕەنگە ئەم هەفتەیە هەمووی ڕەوانە بکەن، بۆ هەموو ئەو وەزارەتانەی کە پێویستە مووچە وەربگرن. جا ئەگەر چاودێریی کۆمەڵایەتی بێت، یاخود دەزگا ئەمنییەکان و گرێبەستەکان بێت، بە دوو گوژمە یان سێ گوژمە هەمووی لەم هەفتەدا دەنێردرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، بێگومان گۆڕان لە مووچەدا هەیە، بەڵام گۆڕانەکە ڕەنگە لە بەڕێوەبەرایەتییەک، یەک گۆڕان هەبێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە هاووڵاتییەک مۆڵەتی بێ مووچەیی کردووە، مووچەکەی پێ نادرێت لەو مانگەدا، یاخود هاووڵاتییەک مۆڵەتی ساڵانەی کردووە و ئێستە گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی مووچەکەی بۆ دەبەسترێ، یان کەسێک سزا درا بێت مووچەی لێ بڕدرابێت بەپێی سزاکەی مووچەی لێ دەبڕدرێت. هەمووی گۆڕانی بچووکن کە دەکرێت.
"هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە لیستی مووچەدا ناکرێت"
کوردستان24: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیان چییە؟ لەگەڵ کێ کۆ دەبنەوە؟
د. محەممەد زراری: چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کارە گەورەکەیان ئەو داهاتانەی کە لە نێوان هەرێم و بەغدا تاکو ئێستە کێشەی داهاتی ناخۆ و نەوتی لەسەرە، بەپێی یاسای كارگیڕی دارایی، ژمارە 6 سالی 2019، بەپێی یاسایی بودجەی 2023، کە بڕگەیەکی تێدایە باس لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام یاسای بودجە بەشێوازێکی دیکە باسی دەکات، تاکو ئێستە ڕوون نییە، کە کام داهاتە هەمووی بۆ هەرێمی کوردستانە و کام داهاتە هەمووی بۆ حکوومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە.
"کێشەکان زۆر دەمێکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە"
ئەو دەڵێت: داهاتەکە بە بڕە، واتە، بڕی ئەوەندە بۆ هەرێمی کوردستانە و بڕی ئەوەندەش بۆ حکوومەتی فیدراڵە. تا ئێستە ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆیە چوونی ئەو شاندەی هەرێم زۆر گرنگە ، ئێمەش وەکو چاودێری دارایی کۆبوونەوەمان لەسەر ئەو بابەتە کرد، کە ئایا کامە داهات پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و کامە داهاتیش پێویستە بگەڕێتەوە بەغدا، بۆ ئەوەی هەردوولا بە هاوبەشی مامەڵەی پێوە بکەن.
محممەد زراری گوتیشی: بەبڕوای خۆم، ئەو بابەتە كاتی دهوێ تا ڕێک دهكهون، ئەوە ڕای خۆمە، نەک وەک ڕای چاودێری دارایی، کێشەکان کاتی دەوێت، چونکە زۆر دەمێکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەنەتەوە. دەبوو زووتر ئەو کێشە و بابەتانە چارە بکرێن، بەڵام ئێستە لەو بڕوایەدا نیم بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ و ئەو کۆبوونەوانە کۆتاییان پێ بێت.
کوردستان24: بڕیار نییە چارەیەکی ڕیشەیی بۆ ئەو کێشانە بکرێت؟ چۆن ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە؟
د. محەممەد زراری: بێگومان، لەسەر ڕاسپاردەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیمێک پێک هاتووە، بەناوی ڕێکارەکانی یهكخستنی ئیداری و دارایی لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، هەر کێشەیەک هەبێت لە نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵ، لە ڕووی کارگێڕی و دارایی ئەو تیمە کێشەکان چارە دەکات، ئەوەش کاتی دەوێت.
ئەو ئاشکرای کرد کە یەکێکیان خۆیەتی وەک نوێنەری دیوانی چاودێری دارایی لەو بابەتە محەممەد عەبدولقادر وەک بەڕێوەبەری گشتیی ژمیركاریی وهزارهتی دارایی و ئابووریی ههریم ، ئەویش نوێنەری داراییە، د. حیدەر یش لە دیوانی چاودێریی دارایی لە بەغدا، وه بهڕێز جەمیل ثاجب، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکارییە لە وەزارەتی دارایی لە بەغدا، هەموو ئەمانەش بە سەرپەرشتی "د.هیثم الحسني"ە، کە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە. ئەو بابەتانەی کە لەنێوان هەرێم و بەغدا کێشەیان لە سەرە، ئێمە خۆمان چارەی دەکەین، بەڵام هەندێک بابەتی داهاتی ناوخۆیی هەیە کە گرنگن، ئێمە ئەو بابەتانە ناکەین، لیجنەی باڵا چارەی ئەو بابەت و کێشانە دەکات، بۆ ئەوەی زوو چارە بکرێن..
هەندێک بابەتی دیکە هەیە لە ڕووی دیاری کردنی سیستەمی بودجە ، ئێمە لەگەڵ بەغدا دەمانەوێت شێوازی کارکردنمان هەمووی یەک بخەین، پێویست ناکات ئەوان سیستەمێک بەکار بهێنن ئێمەش سیستەمێکی دیکە، ئەوان یاسایایەک و ئێمەش یاسایەکی دیکە دەبێت یەکب خريتهوه.
"هەندێک فەرمانگە هەیە داهاتییان زۆرە، دەتوانین ئەوانە بکەین بە پارەدارکردنی خۆجێی واتە خۆیان خۆیان بەڕێوەببهن"
بۆ ئەو بابەتەش کەشوهەوایەکمان دروست کردووە، تاکو بەتەواوی بچینە ناوی و چارەی بکەین، یەکێکیش لەوانە ڕێژەی پارەدارکردنی خۆجێییە "تمویل ذاتي"، هەندێک فەرمانگە هەیە داهاتییان زۆرە، دەتوانین ئەوانە بکەین بە پارەدارکردنی خۆجێی واتە خۆیان خۆیان بەڕێوە ببهن، پێویست ناکات ئەو داهاتە بنێرنەوە، لەو حاڵەتە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە. بەڵام هەموو ئەوانەش کاتی دەوێت.
کوردستان24: داهاتی نانەوتی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان چەندە؟
د. محەممەد زراری: هیچ ژمارهیهك له داهات بە شێوەیەکی فەرمی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە بە ماڵ لە یاسای بودجەدا، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی باس لەوە دەکات کە 300 تا 350 ملیار داهاتی ناوخۆیی نانەوتیی هەیە.
کوردستان24: لەیاسایی بودجەدا پێویستە چەند بدرێت بە بەغدا؟
د. محەممەد زراری: پێویستە داهاتی نەوتی بگەڕێتەوە بە گشتی، بەڵام لەسەر کێشەی نەوتیش هەردوولا ڕێک نەکەوتن، لە کێشەی گواستنەوەی نەوت و دەرهێنانی نەوت، ئەو تێچووەی کە باس دەکرێت لەلایەن حکوومەتی هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە پێكهاتن لەسەر ئەوەی 21 دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام بەشێوەیەکی ڕوون ئەوەش یەکلا نەبووەتەوە، لەو بڕوایەشدا نیم وا بە ئاسانی یەکلا ببێتەوە.
"بابەتی پلە بەرزکردنەوە ئەوەندە ئاسان نییە، پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە"
کوردستان24: میکانیزمی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران چۆنە؟ کێ پلە بەرزکردنەوە دەیگرێتەوە؟ چەندیان بۆ زیاد دەکرێت؟
د. محەممەد زراری: بابەتی پلە بەرزکردنەوە ئەوەندە ئاسان نییە، بەشێوەیەکی فەرمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 680 هەزار مووچەخۆری فەرمی هەیە. جگە لە هێزە ئەمنییەکان، ئەوەندە ئاسان نییە، پلەی ئەو هەموو کەسە بەیەکجاری بەرز بکرێتەوە، بەپێی یاسا هەر فەرمانبەرێک کە پلەی بەرز دەبێتەوە، دەبێت شوێنێکی بەتاڵ و جێگرەوەی هەبێت، بۆنموونە پلە پێنجە کە دەبێتە پلە چوار دەبێت ئهركێكی بهرزتری پێ بدرێت، وه گەر ببێت بە پلە سێ به ههمان شێوه. ئەوە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێ نەکراوە، لە عێراقیش ئەوەندە بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێت..
ئەگەر هەموو ئەوانە بەشێوەیەک لەبەرچاو نەگیرێت، هەموو فەرمانبەرێک ئەمری دەوێت، جا ئەمرەکە بە لیست بێت یاخود تاک یان بەهەر شێوازێک بێت.
"مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەرانی پلە یەک و دوو سێ کەم دەبێتەوە"
سەبارەت بە مووچەکانیشیان، هەیە پلەی بەرز دەکرێتەوە مووچەکەی زیاد دەکرێت، هەشمانە مووچەکەی کەم دەبێتەوە، چونكه ئێمە لەسەر یاسایەک دەڕۆین کە یاسای 22 سالی 2008ە، پلە یەک و دوو سێ مووچە بنەڕەتییەکەی كهم دهبیتهوه، بەڵام بەغدا كار به بڕیاری ژماره 366 ساڵی 2015 تایبهت به گۆڕانی مووچهی مووچهخوران. پلە یەک و دوو سێ مووچە بنەڕەتییەکەی کەم دەبێتەوە، لەبەرامبەردا پلە هەشت و نۆ و دە مووچەکەی زیاد دەکات. پلە ناوەندییەکانیش لە هەردوولا وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەندێکیان سوودمەند، هەندێکجاریش پلە دوو سێ مووچەکانیان کەم دەکات.
"بەو ئاسانییە پلەی فەرمانبەران بەرز نابێتەوە، چونکە بە مەزەندەی خۆم 100 بۆ 150 ملیارمان پێویست دەبێت"
محەممەد زراری ئەوەشی خستە ڕوو، بەبڕوای من حکوومەتی هەرێم تا بەشێوەیەکی فەرمی هەموو کارەکانی تەواو نەکات، لەو بڕوایەدانیم بەو ئاسانییە بڕیار بدات لەسەر پلە بەرزکردنەوە، چونکە بە مەزەندەی خۆم 100 بۆ 150 ملیارمان پێویست دەبێت بۆ هەر مانگێک، ئەگەر پلە بەرزکردنەوەکان بکرێت.
هەروەها بۆ دەستپێکردنی پلە بەرزکردنەوە، ئەو بابەتە تۆزێک قورسە وا ئاسان نییە، چونکە لە بودجەدا جێی بو نهكراوهتهوه، بەڵام ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە ڕێککەوتن هەبێت یاخود دادگای فیدراڵی بڕیار بدات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی بەغدا بدرێت، بەڵام لێرەشدا چۆن بدرێت پرسیارە؟ ئایا لە ڕێژەیە یاخود لەکاتە وەکو ئەوان بدرێت؟ یاخود هاوتایی بکرێت بەهەموو ئیمتیازەکان، ئەوە جیاوازە.
ئەگەر بێینەوە سەر یاسایی بودجە ئەوەندە دیاری نەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی 800 بۆ 825 ملیارێک دیاری کراوە لە بودجە، بە فەرمانبەری مەدەنی و ئەمنی و چاودێریی کۆمەڵایەتیش، هەرێمی کوردستان ئێستە مانگانە 900 بۆ 920 ملیاری پێویستە، ئەگەر پلە بەرزکردنەوە بکرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ترلیۆنێک و 100 ملیار دیناری پێویستە.
کوردستان24: ئەو کێشانە چین ڕووبەڕووی دەبنەوە ئێوە وەکو دیوانی چاودێریی دارایی؟
د. محەممەد زراری: هەر وردبینییەکمان کردبێت، تێێدا هەر کێشەیەک یاخود سەرپێچییەکامان بەدی کردبێت ئەوا پێمان ڕاگەیاندون کێشەکە چارە بکەن.
دوا گوتەم پێمان باشە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی کادیرێکی زۆری بواری دارایی و ژمێریاریمان کۆچی دواییان کردووە یاخود خانەنشین بوون یان لە کارەکەی نەماوە بەهەر هۆکارێک بێت، بۆشاییەک دروست بووە لە کادیری دارایی لە هەرێمی کوردستان، جا لەسەر ئاستی وەزارەت بێت یاخود فەرمانگەکان یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، من پێموایە "بۆشاییەک هەیە و پێویستمان بە کادری دارایی هەیە پێیان بگەیەنین و بایەخیان پێ بدەین لە هەرێمی کوردستان، و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێن، بۆ نموونە؛ بەڕێوەبەری ژمێریاری بێت یاخود هەر بەڕێوەبەرێکی دیکە بێت گرنگە پسپۆر بێت لە بوارەکەی خۆیدا. بەتایبەت لە دارایی ئەو کەسەی بەڕێوەبەری باجە یاخود بەڕێوەبەری بانکە، یان هەر شوێنێکی دیکە بیت گرنگە پسپۆڕ بێت، چونكه كهسی تایبهتمهند له بوارهكهی خوی زور زووتر له كروكی بابهتهكان تێ دهگات.