گفتوگۆکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوامن و پارتی جەخت لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان دەکاتەوە
K24 – هەولێر:
نوری مالیکی سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا رایگەیاند بیستوویانە كه هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوادەخرێت، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە فەرمی هیچ ڕا و هەڵوێستێکی خۆی سەبارەت بە دواخستنەکە ئاشکرانەکردووە.
ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆبوونەوەدایە، گفتوگۆکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن کە هەڵبژاردن دوابخرێت، کاتێک پارتی دەڵێت دەمانەوێت هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە، یەکێتیش دژی دواخستنی هەڵبژاردنە.
لەلایەن خۆیەوە، هاوار محەممەد، شارەزای یاسایی بواری هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە: ئەوەی پارتی دەیەوێت، ڕاستکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی ناو یاساکەیە کە لە شوێنێکی دیکەوە دەرچووە، بەتایبەتی لە پرسی پێکهاتەکان. هەروەها باسی لەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، تێبینییەکانی پارتی بەهەند وەربگرێت و کەموکوڕییەکان تایبەت پرۆسەی دەنگدان، ڕاستبکاتەوە.
هاوکات هەژار محەممەد، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بە هەڵوێستی حزبەکەی دەکات و دەڵێت، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و سەرجەم ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە و لەگەڵ رێکارەکانی کۆمیسیۆنیش، ئەوان لیستی کاندیدانی خۆیان پێشکەشکردووە.
باس و خواسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا هەر لە نێو کۆبوونەوە داخراوەکاندایە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا بە فەرمی هیچ ڕا و هەڵوێستێکی لەسەر دواخستنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هەمووان ئەو بۆچوونە پشتڕاستدەکەنەوە کە بەبێ پارتی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.