دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران؛ هاووڵاتییان قەرزی ئاو دەگەڕێننەوە

K24 - هەولێر
دوای بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو بە رێژەی لە سەدا 20، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە مەبەستی دانەوەی قەرزی ئاو سەردانی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەکەن.
هاووڵاتییان بە بەردەوامی سەردانی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەکەن تا قەرزی ئــاو بگەڕێننەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەسەریان کەڵەکە بووە.
بەهۆی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو بە رێژەی لە سەدا 20، ڕێژین، یەکێکە لە سوودمەند بووەکانی ئەو بڕیارە، کە زیاتر لە 320 هەزار هاوبەش دەگرێتەوە.
رێژین ئازاد، فەرمانبەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "نزیکەی 500 هەزار دینار قەرزی کەلەکەبووی ئاوم لەسەر بوو، بەڵام دوای بڕیارەکە نزیکەی 100 هەزار دینارم بۆ دەگەڕێتەوە. بڕیارەکە زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە، چونکە هاووڵاتیی هەیە، نزیکەی سێ ملیۆن دینار قەرزارە و سوودی زۆری لێ دەبینێت".
لە سنووری هەر 14 بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 590 هەزار هاوبەشی ئاو تۆمارکراون، لەو رێژەیە 87%ـیان پێوەری ئاویان بەستووە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، بڕیاری لێخۆشبوون لە ڕابردوودا لە سەدا 15 بوو ئێستا بووەتە 20، پێشبینیش دەکەن ئەم جۆرە بریارانە لە سوودی خەڵک بەردەوام بێت.
بڕی پارەی کەڵەکەبووی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، نزیکەی 140 ملیار دینارە. لە دوای بڕیاری داشکاندن لە سەدا 20ی قەرزی ئاو لەسەر هاووڵاتییان، لە بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕۆژانە کاروباری زیاتر لە 100 هاووڵاتی بەڕێدەکرێت کە مامەڵەی گەڕاندەوەی قەرزی ئاو دەکەن.