سوودانی: دەبێت پێویستییەکانی خوێندنی عەرەبی بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان دابین بکرێت

K24 – هەولێر
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (30ی نیسانی 2024)، سوودانی لەگەڵ هەردوو وەزیری پەروەردە و فێرکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووە و جەختی لە گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ قوتابیانی قوتابخانە عەرەبییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت.
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی چاودێری ئاراستەی کەرتەکانی خزمەتگوزاریی و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق و ئالان حەمە سەعێد وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سوودانی لەبارەی هەموو ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بووەتەوە ئاگادارکرایەوە، هاوکات ئاماژە بە هەنگاوەکانی هاریکاری وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن بە گوێرەی وەرزی ساڵی خوێندن.
هەروەها سوودانی ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ قوتابیانی قوتابخانە عەرەبییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش هەر بەردەوام بێت، هەروەها پشتیوانی بۆیی بۆ کەرتی پەروەردەیی دەربڕی بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئامانجی پەروەردەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی بۆ هەموو خوێندکارانی عێراق وەک بەشێک لە ستراتیژی پەروەردە، وەک ئەوەی لە کارنامەی حکوومەتدا هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە بەغدا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارە لە سەر سکاڵایەک کۆببێتەوە کە دژی داخستنی نووسینگەکانی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لە هەولێریش قوتابییانی خوێندنی پەروەردەی عێراق خۆپیشاندانێکیان بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی پەروەردە و بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان ڕێکخست و داوایان لە سوودانی دەکرد لە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانی خوێندنی پەروردەی عێراق پاشگەزبێتەوە و ڕێگە بدرێت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بمێننەوە و لە خوێندن بەردەوام بن.