باکوور و باشووری کوردستان جەخت لە زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەکان دەکەنەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر دەڵێ: سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەولێر دەبێتە فاکتەری بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوولا.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر دوای پێشوازیکردنی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەند فراوانتر بکات، قەبارەی بازرگانیی وڵاتەکەیان هێندە زیاتر دەبن.
گوتیشی: "پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە کۆتا پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئاستی چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام باوەڕمان وایە کۆتا سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێر قەبارەی بازرگانی ساڵانی 2013 بۆ 2015ی نێوانمان تێدەپەڕێنێت.
ڕاشیگەیاند، دەزانن تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەند فراوانتر بکات و پەرەی پێ بدات، قەبارەی بازرگانییەکەی زیاتر دەبێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و شاندێکی وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردووە بە مەبەستی پەرەپێدان و فراوان کردنی پەیوەندییەکان.