فەرید عەلی: هەر کرێکارێک لە هەر پڕۆژەیەک کار بکات، دەبێت مۆڵەتی کارکردنی هەبێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری هەولێر ڕایگەیاند، لەسەرەتای 2024، دەستمان بەجێبەجێکردنی ڕێنمایی کارکردن بە کرێکارانی خۆماڵی لەلایەن کارگە و کۆمپانیاکان کردووە، بڕیارەکەش وا دەکات ڕێژەی کرێکارانی بیانی کەم ببێتەوە.
فەرید عەلی، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەرەتای 2024، دەستمان بەجێبەجێکردنی ڕێنمایی کارکردن بە کرێکارانی خۆماڵی لەلایەن کارگە و کۆمپانیاکان کردووە، کە لەلایەن سەرۆکی حکومەت دەرچووە.
فەرید عەلی، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت وادەکات ڕێژەی کرێکارانی بیانی کەم ببێتەوە و زیاتر پشت بە کرێکارانی ناوخۆیی ببەستین.
بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری هەولێر، باسی لەوەش کرد، لە ڕێنماییەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، کە مەرجە هەر پڕۆژەیەک لە 75% دەستی کاری ناوخۆیی بێت و لە 25%ـی کرێکاری بیانی بێت.
دەشڵێت: وەکو بەڕێوەبەرایەتی کاری هەولێر، تیمێکمان ڕاسپاردووە، کە لیژنەی پشکنەران سەردانی سەرجەم ئەو پڕۆژانە دەکەن کەوا کار بەکرێکاری بیانی دەکەن ئاگادارییان دەکەنەوە کە بێن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کار بکەن و دەستەبەری کرێکارەکەی بکات. وە مەرجیشە هەرکرێکارێک لە هەر پڕۆژەیەک کاربکات، دەبێت مۆڵەتی کاری هەبێت، ئەگەر کرێکارەکە مۆڵەتی نەبێت خاوەنکارەکە سزای یاسایی دەدرێت چونکە سەرپێچی کردووە.