وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئازادکردنی دوو برای رفێندراوی عێراقی لە لیبیا رادەگەیەنێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە سەرپەرشتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە هەماهەنگیی نێوان دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی لیبیا، هەوڵە هاوبەشەکان سەرکەوتوو بوون لە ئازادکردنی دوو برای عێراقیی خەڵکی پارێزگای واست.

دووشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو دوو برا عێراقییە لە ماوەی رابردوودا لە لایەن ئەو تۆڕانەوە رفێندرابوون لە بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تێوەگلاون. هەر لەم چوارچێوەیەدا، باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەرابلوس لە ساتی گەیشتنی زانیارییەکانەوە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و رۆڵێکی دیپلۆماسی و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و لیبیا گێڕاوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردن و پاراستنی سەلامەتیی هەردووکیان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی هەوڵەکانی لایەنە نیشتمانییە تایبەتمەندەکانی کردووە، بەتایبەتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، هەروەها پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هاوکارییەی دەسەڵاتدارانی لیبیا پێشکەشیان کردووە و بۆ رۆڵی باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس لە رێگەی بەدواداچوونی بەردەوامیەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە جەختیکردووەتەوە، پاراستنی هاووڵاتییانی عێراقی و چاودێریکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، لە پێشینەی نەگۆڕی کارەکانیانە، و رایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا لە چوارچێوەی هەوڵە کونسوڵی و مرۆییەکانیدا، تا ئێستا لە میانی بەرنامەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەدا بەشداریی کردووە لە گەڕاندنەوەی 412 کۆچبەری عێراقی لە خاکی لیبیاوە.