پارێزگاری هەولێر: دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و دیاربەکر جووڵە بازرگانییەکان باشتر دەکات

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر لە دیاربەکرەوە ڕایگەیاند، لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێڵی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و دیاربەکر دەکرێتەوە و ئەویش هاوکات دەبێت بۆ ئەوەی جووڵە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا زیاتر بکرێن.

چەند ڕۆژێکە شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە شاری دیاربەکری باكووری کوردستانە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-05-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، دەیانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ شاری دیاربەکر بەهێزتر بکەن.

ئومێد خۆشناو گوتی، "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی دیاربەکر هەیە. ئومێدەوارین ئەم پەیوەندییانە بەرەوپێش بچن و بەهێزتر ببن، چونکە لە هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی زۆر باش بۆ کارکردن هەیە و ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان لێی کاردەکەن کە بەشێکی زۆریان تورکین".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێڵی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و دیاربەکر دەکرێتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا زۆر کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. زەمینە خۆشکردن بۆ پێدانی ڤیزا و ڕێکارەکانی دیکە، ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی و پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا لەنێوان هەردوو شاردا باشتر ببن".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، ئومێد خۆشناو ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی لە باکووری کوردستان هەستی پێ دەکەین و خواستی خەڵکە، بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتییە. لە پڕۆسەی ئاشتیدا دەوڵەت و خەڵكیش سوودمەند دەبێت. چاوەڕوانی سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، پشتیوانی پرۆسەکە بکەن. بێگومان لە ڕابردوودا هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەریی لە پرۆسەکەدا هەبووە و پشتیوانیشی لێ دەکات".

هەر ئەمڕۆ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر دوای پێشوازیی لە شاندی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، "تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەند فراوانتر بکات، قەبارەی بازرگانیی وڵاتەکەیان هێندە زیاتر دەبن".

محەممەد کایا گوتیشی: "پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە کۆتا پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئاستی چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام باوەڕمان وایە کۆتا سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێر قەبارەی بازرگانی ساڵانی 2013 بۆ 2015ی نێوانمان تێدەپەڕێنێت.

 

 

Fly Erbil Advertisment