هەنگاو عەبدوڵڵا: بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆیی زۆر گرنگە

هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان
هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی بۆ زیادکردنی دەستی کاری ناخۆیی بە گرنگ وەسف کرد و دەڵێت: ئەو بڕیارە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.

هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆیی لە کارگە و کۆمپانیاکاندا زۆر گرنگە.

گوتیشی: بڕیارەکە کاریگەری باشی لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی بێکاری هەبووە.

ناوبراو داواکارە لە داهاتوودا بتوانرێت زیاتر لە 75%ـی دەستی کاری ناوخۆیی لە کەرتی تایبەت زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر سەیری کارنامەی کابینەی نۆیەم بکەین، زۆر بەگرنگییەوە باس لەکەرتی تایبەت و بێکاری و کرێکار دەکات. کە ئەمانە هەمویان پێکەوە بەستراونەتەوە.

یەكێك لەو بڕیارە گرنگانەی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركرا، پابەندکردنی کارگە و کۆمپانیاکانە کە دەبێ بە ڕێژەی 75% ئەو کرێکارانەی کاریان بۆ دەکەن کرێکاری ناوخۆیی بن و 25%  كرێكاری بیانی بن. ئامانج لەو بڕیارەش بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزكردنەوەی دەستی كاری ناوخۆییە.

مێژووی ڕۆژی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1800ـەکان. ئەو کاتە کرێکارەکانی ئەمەریکا هەفتەی حەوت ڕۆژ و ڕۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر لە دۆخێکی سەخت و بەبێ هیچ مەرجێکی سەلامەتی کاریان دەکرد.

دواتر لە سەرەتای 1800ـەکان یەکێتییەکانی کرێکاران لە ئەمەریکا دەستیان کرد بە ڕێپێوان و داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی کاریان بۆ 8 کاتژمێر کرد. هەروەها بۆ یەکەم جار لە 5ی سێپتێمبەری 1882 کرێکاران لە ئەمەریکا کۆبوونەوە بە ڕێپێوان داوای مافەکانیان کرد.

فشاری کرێکاران وای کرد، لە ساڵی 1894 گرۆڤەر کلیڤلاند، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، ڕۆژی کرێکارانی وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵات ڕاگەیاند. ئێستا زیاتر لە 80 وڵات 1ی ئایار وەک ڕۆژی کرێکاران و پشووی فەرمی یادی دەکرێتەوە.