راهێنەری دۆرتمۆند هەڕەشە لە پاریس دەكات
بورووسیا دۆرتمۆند دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید و بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەمجارەیان لە یاریی چوونی ئەم قۆناغە و لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە. هەردوو یانە پێشتر لە پاڵەوانتیەکە چوار جاری دیکە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە.
بورووسیا دۆرتمۆند دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید و بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەمجارەیان لە یاریی چوونی ئەم قۆناغە و لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
دۆرتمۆند لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی، توانی بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵ بردنەوە بەدەستبهێنێت و دوای نزیکەی یازدە ساڵ، جارێکی دیکە گەیشتەوە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و ئەمجارەشیان هەوڵ بۆ یاریی کۆتایی دەدات.
دوایینجار کە یانە ئەڵمانیەکە گەیشتبێتە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ساڵی 2023 بوو، لەو کاتەوە ئەو یانەیە سێجاری دیکە گەیشتەوە قۆناغی چارەکی کۆتایی، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو لە گەیشتن بە قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانتیەکە.
ئێدین تریزیچ راهێنەری یانەی بورووسیا دۆرتمۆند، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، کۆنترۆڵ کردنی کلیان ئێمباپێ کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەوان هەموو کارێک بۆ بردنەوە دەکەن. هەروەها لویس ئێنریکێ راهێنەری پاریس سانجێرمانیش باسی لەوە کرد کە پاڵپشتیەکانی گەورەی هەیە.
تریزیچ راهێنەری دۆرتمۆند: ئامادەكاری باشمان كردووە
ئێدین تریزیچ پێش یارییەكەی ئەمشەو رایگەیاند ئەوان ئامادەکاری باشیان بۆ یارییەکە کردووە، دەشڵێت: هەموو یانەیەک کە بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاریی دەکات، هەوڵ دەدەن کلیان ئێمباپێ کۆنترۆل بکەن، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نییە، ئێمەش هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین، پێشتریش ئەزموونی باشمان لەسەر ئەمجۆرە یارییانە هەیە، بڕوای تەواومان بە خۆمان هەیە و دەتوانین ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، چونكە ئێمە خۆمان بە كەمتر لە پاریس نازانین، دەشیسەلمێنین''.
ئێنریکێ راهێنەری سانجێرمان: لەسەر رێگەیەكی راست دەڕۆین
لویز ئێنریكی راهێنەرە كەتولۆنیاییەكەی پاریس جەخت لەوە دەكاتەوە لەوەتەی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان کردووە هاندەران و دەستەی کارگێری یانەکە بەردەوام پاڵپشتی ئەوانیان کردووە، دەشڵێت: هاندەرانمان کاریگەری زۆر باشیان لەسەر ئەنجامەکان هەبووە، بە تایبەت لە چامپیۆنزلیگ.
ئینریكی گوتیشی: ئێمە لە رێگەیەکی سەخت و هەستیارین، گەیشتن بە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاسان نییە، بەڵام ئێمە سەرکەوتوانە رێگەمان بڕیوە، ئامانجمان گەیشتنە بە یاریی کۆتایی، بۆ ئەمە مەبەستەش کاری باشمان کردووە، من بروای تەواوم بە یاریزانەکانم هەیە کە دەتوانن ئەم قۆناغەش، بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن ''.
هەردوو یانەی بورووسیا دۆرتمۆند و پاریس سانجێرمان، پێشتر لە چامپیۆنزلیگ چوار جاری دیکە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو چوار یارییە دۆرتمۆند تەنها لە یەک یاریی براوە بووە و لە دوو یاریش دۆڕاوە، دوایین رووبەڕووبونەوەیان وەرزی رابردوو لە قۆناغی کۆمەڵەکان بوو.