وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەدواداچوون بۆ دۆخی قوتابییانی ئاوارە دەکات

K24 - هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵی بڵاویکردەوە، بە فەرمانی ئیبراهیم نامس جبووری وەزیری پەروەردە، لجنەیەک بۆ بەداداچوون بۆ نیگەرانییەکانی قوتابیانی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت.
ئیبراهیم نامس جبووری لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، قوتابیانی ئاوارەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی و هەڕەشەی تیرۆر و خراپی دۆخی ناوچەکانیان لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و دەخوێنن.
هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەرانبەر ئەو هاوکارییەی تاوەکوو ئێستا پێشکەشی قوتابییە ئاوارەکانی عێراق کردووە.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و کەمپەکانیاندا، بەڵام قوتابییەکان و خێزانەکانیان خۆپیشاندانیان کرد و دژی بڕیارەکە وەستانەوە و ڕایانگەیاند، زۆر گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی عێراق وەک بڕیاری بە زۆر ڕاگواستنە.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق نزیکەی 149 هەزار قوتابی ئاوارە لە 24 کەمپ لە سەنتەری شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەو قوتابخانە دەخوێنن کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆی دابین کردووە، بەڵام خوێندنیان بە سیستەم و پرۆگرامی پەروەردەی عێراقە.
ڕۆژی (30ی نیسانی 2024) دادگای فیدراڵی لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەی لە سەر ئەو سکاڵایە بەڕێوەبرد کە دژی بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری بە داخستنی کەمپەکان و بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەڕێوەبرد، هاوکات محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەردوو وەزیری پەروەردە و فێرکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووە و جەختی لە گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ قوتابیانی قوتابخانە عەرەبییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت.
دوای کۆبوونەوەکەش، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد: "تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابییانی ئەو قوتابخانانە".