نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسی قەهرەمان شوکری ڕوونکردنەوە دەدات

K24- هەولێر
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسی قەهرەمان شوکری ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
بەپێی وێنەیەکی وەڵامەکەی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ کوردستان24 نێردراوە، نووسینگەکە ڕایگەیاندووە، قەهرەمان شوکری بەپێی ماددەی (1)ی یاسای (21)ی ساڵی 2003 دەستگیر کراوە.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانیش لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، قەهرەمان شوکری زیندین ڕۆژی 27/1/2021 بە فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی (یەک) لە یاسای لهكارخستنی ماددهی (156) له یاسای سزاكانی عێراقی ژماره (111)ی ساڵی (1969) ی ههمواركراو ژمارە (21)ی ساڵی 2021 دەستگیر کراوە، بەپێی ماددەی یەکی یاسای ناوبراو هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوە بگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتا هەتایە یان بە بەندکردنی کاتیی، سزا دەدرێت.
نووسینگەکە ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی 3/5/2021 بە داوای ژمارە (401) فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە دهۆک، داوای لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک کردووە ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر بەرامبەر بە قەهرەمان شوکری زیندین، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی 23/6/2021 بۆ دادگایی کردنی ناوبراو دیاری کرا و، پرۆسەی دادگایی کردنەکەش بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی دەستەی بەرگری کردن بەڕێوەچوو، هەروەها تۆمەتەکان ئاڕاستەی ناوبراو کران.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کردووە، بەپێی بڕیاری دادگای تاوانی دهۆک یەک، ناوبراو لە نێوان ساڵانی 2017-2020 پەیوەندیی بە ڕێکخراوێک کردووە کە لە هەرێمی کوردستان ڕێگا پێدراو نییە لە دەرەوەی یاسایە، لە هەمان کاتدا سیخوڕیی بۆ ئەو ڕێکخراوە کردووە و زانیاری دەربارەی هێزە ئەمنییەکان، پێشمەرگە، پۆلیس و لایەنە سیاسییەکان، تۆماری دەنگی، وێنە و ڤیدیۆی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکانی لە ڕێگای فەیسبوک بۆ ئەو لایەنە ناردووە، سەرەڕای گواستنەوەی نامە و کەلوپەل، هەروەها هانی خەڵکی داوە بۆ درووستکردنی ئاژاوە و پشێوی، ئەمەش ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و دامودەزگاکانی دەخاتە مەترسییەوە.
بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، بە کۆکردنەوەی چەند بەڵگەیەک وەک نامەی نووسراو بە دەستی قەهرەمان شوکری کە پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوە ڕێگا پێنەدراوەکە دەسەلمێنێت، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە ماڵەکەی، بوونی سەرباری پێشینەی تاوان و دانپێدانانی بەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، ئەو نووسینگەیە دەشڵێت: ڕۆژی 23/6/2021 دادگای تاوانی دهۆک (یەک) بەپێی ئەحکامەکانی ماددە (یەک) لە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003، بڕیاری دا بە سزادانی ناوبراو بەشێوەی کاتی بۆ ماوەی (٧) ساڵ کە قابیلی پێداچوونەوەیە، ماوەی ڕاگرتنەکەشی بە ماوەی سزادان بۆ ئەژمار بکرێت، لە هەمان کاتدا خەرجییەکانی پارێزەرەکەی لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم دبێت و، مۆبایل و گشت کەلوپەلەکانیشی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی 12/10/2023 بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی دادوەری، دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک دوای وردبوونەوە و گفتوگۆ بڕیاریدا کە بڕیاری سزادانی قەهرەمان شوکری لەڕووی یاساییەوە دروستە دوای ئەوەی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایی کردندا دانی بە تاوانەکەی نا، هەروەها (زیندانی کردنی کاتی) گونجاو بووە لەگەڵ بارودۆخی تاوانەکە، بۆیە دادگا بڕیاریدا کە بڕیارەکانی ئیدانەکردن و سزادانی پەسەند بکات و وشەی (ئیدانە) بکرێتە (تاوانبارکردن) و (سزا دراو) بکرێتە (تاوانبار).
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەکە بۆ ئەمنستی دەڵێت: ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردن و دادگایی کردن تاوانبار قەهرەمان شوکری بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوە چووە و بێسەروشوێن نەکراوە، بەڵکو بەپێی فەرمانی دادوەر ناوبراو دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوام بووە، دواتر لە بەرواری 25/4/2021 وەک تۆمەتبار ڕەوانەی دادگای تاوانی دهۆک (یەک) کراوە بۆ دادگایی کردنی و هەموو بەڵگە پەیوەندیدارەکانی ڕەوانەی دادگای تاوان دهۆک ( یەک) کراوە لەلایەن داواکاری گشتییەوە و بە دەرچوونی سزاکەی لەلایەن دادگاوە گواستراوەتە بۆ چاکسازیی گەورەساڵان لە دهۆک، دوای گواستنەوەشی هیچ بەڵگەیەک یان نووسراوێکی فەرمی یاسایی یان پزیشکی نەبووە کە ئاماژە بکرێت بە مامەڵەی نەشیاو یان ئەشکەنجەدانی ناوبراو، هەروەها بەڕێز دادوەری داواکاری گشتیی لە چاکسازی سەردانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردووە.